بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتر بە هاووڵاتییان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویزار و موڵكەكانی شارەوانی بۆ شارەوانییەكان بێت، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی رای گەیاند، بەو پارەیە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاجیاكان ئەنجام دەدەن و بڕیارێكی زۆر باش بوو.
دەتوانن بە داهاتەكەی رێگاوبان و قیر و پڕۆژەی تری خزمەتگوزاری جێبەجێ بكەن
ئەمڕۆ یەكشەم كەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری خەرجكردنەوەی داهاتی فرۆشتنی زەوی بۆ شارەوانییەكان، یەكێكە لە بڕیارە زۆر باشەكانی حكوومەت، بۆ ئەوەی شارەوانییەكان بتوانن زۆرترین خزمەت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان لە ناوچەكان و سنووری هەر شارەوانییەك ئەنجام بدەن.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیارەكە داهاتی فرۆشتنی زەوی بە رێژەی 100% بۆ شارەوانییەكان خەرج دەكرێت، ئەوەیش سوودێكی زۆر باشی هەیە، چونكە دەتوانین رێگاوبان و قیر و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و باخ و پارك بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی روونی كردەوە، زەوییەكی زۆرمان لە سنووری هەموو شارەوانیییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان هەیە بۆ فرۆشتن، بۆیە دەست بە فرۆشتنیان دەكەین و داهاتەكەیش راستەوخۆ دەكرێتەوە بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەیە.
ئەو بڕیارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوە بووە تا زۆرترین خزمەتگوزاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكان بكرێ و شارەوانییەكان بتوانن بەپێی پێویستی خۆیان زەوی بفرۆشن و داهاتەكەی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەكار بێننەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی