لە كۆتایی دەسەڵاتی ترەمپدا ئیسرائیل تاڵاوی چاوەڕوانی بە ئێران دەنۆشێت

:: PM:03:44:30/11/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا لیوا موحسین فەخریزادە، بەرپرسی یەكەمی بەرنامەی ئەتۆمی و سەركردە لە سوپای پاسدارانی ئێران كوژرا، بەوەیش ئیسرائیل بازنەی كوشتنی خاوەن بڕیارانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی فرەوانتر كرد و سنوورێكی بۆ دانا، ئیسرائیل دانی بە كوشتنی ئەو زانایە نەنا، بەڵام بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە 2018 رای گەیاند كە هەواڵگری ئیسرائیل دەستی بەسەر بەڵگەنامەیەكی زۆر پێوەست بە هەوڵی تاران بۆ پەرەپێدانی ئەمباری ئەتۆمییەكی گرتووە، ئەوكات نەتەنیاهۆ گوتی، ئەو ناوەتان لەیاد بێت، فەخریزادە. 
ئێران هیچ بژارەیەكی لەبەردەم نییە جگە لە چاوەڕوانیكردنی بایدن
كوژرانی فەخریزادە وەك گورزێكی نوێ بوو بۆ پڕۆژەی ئەتۆمی تاران، بەر لەویش هەواڵگریی ئیسرائیل زانای تری ئێرانی كردووەتە ئامانج و هێرشی كردووەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی لەژێر زەوی و چەندان زانیاری و دۆسیەی هەستیاری دزیوە، هاوكات ئیسرائیل سەرقاڵی جەنگێكی فرەوانە دژ بە بوونی سەربازی ئێران لە سووریا و رۆژئاوای عێراق، لە رێگەی كردنەئامانجی شارەزایانی سەربازیی ئێران لەسەر زەوی، لە ئاسمانیش بۆردمانی ئامانجەكانی ئێران و لایەنگرانی لە سووریا دەكات.   

شارەزایان لەبارەی كوژرانی فەخریزادە هەینی رابردوو لە نزیك تاران بەوە لێك دەدەنەوە كە دزەكراوەتە ناوخۆی ئێران و ئەو وڵاتە ئەوەندە بەهێز نییە وەك باسی خۆی دەكات، چونكە كردەیەكی بەو ئاستە و بێ زانینی ئەنجامدەرانی، گورزێكی بەهێزە بۆ ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی، مونیر ئەدیب، توێژەر لە كاروباری ئیران دەڵێت، ئەوە یەكەمین كاری كوشتنی كەسایەتی سیاسی و سەربازی ئێرانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا نییە، پێشتر ئەبو محەمەد میسری، دووەم كەسایەتی ناو رێكخراوی قاعیدە لەناو خاكی ئێران و قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە عێراق كوژران، لەوكاتەی ئێران وەڵامدانەوەی لاواز بووە و ئەوجارەیش تەنیا لە راگەیاندن هەڕەشە دەكات.

ئامانجی ئیسرائیل چی بوو لە كوشتنی فەخریزادە؟

ئەدیب دەڵێت، مەبەستی ئیسرائیل دواخستنی گەیشتنی ئێرانە بە بۆمبی ئەتۆمی، جیا لە كاریگەری لەسەر میلیشیاكانی لە ناوچەكە، چونكە ئێران پێویستی بەو بۆمبەیە بۆ بڵاوكردنەوەی شیعایەتی وەك ئاین و سیاسەت لە ناوچەكە و بەهێزكردنی باڵادەستیی بەسەر ناوچەكەدا، بۆیە ئەو گورزی بە ئێران كەوت بۆ سنووردانانە بۆ دەسەڵاتی ئێران و لاوازكردنیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو توێژەرە روونی كردەوە، ئیسرائیل لە بوونی ئێران بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی نیگەرانە كە تاران دەڵێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنەكانی بەكار دێنێت، هەربۆیەیش پەنجەی تاوانی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، كوژرانی ئەو زانایە كاریگەری بۆ سەر ناوچەكە دەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی ئەرێنی، چونكە هەوڵەكانی ئێران بۆ باڵادەستیی بەسەر وڵاتانی عەرەبی و هەوڵەكانی بۆ نانەوەی پشێوی و هەڕەشەكانی بۆ سەر تەناهی و سەقامگیری تەواوی ناوچەكە لاواز دەكات.

ئەدیب روونی كردەوە، ئەگەر هاتوو مۆسادی ئیسرائیل ئەو كارەی ئەنجام دابێت، مانای ئەوەیە ئیسرائیل دەیەوێ سوود لەو كاتە كەمە ببینێ بەر لە رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی و هاتنی جۆ بایدن كە ئێران زۆر پشتی پێ دەبەستێت، بۆیە پێشبینی دەكرێ ئێران پەنا بۆ وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆ و گەورە نەبات و ئەوەی دەیكات تەنیا هەڕەشەیە لە راگەیاندنەكان، چونكە ترسی لە دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی گورزی بەهێزی لە یەمەن و سووریا و عێراق بەركەوت.

هەر لەو بارەوە ئەكرەم عەتەڵا، شارەزا لە كاروباری ئیسرائیلی گوتی، شتێكی ئاساییە ئێران پەنجەی تاوان ئاراستەی ئیسرائیل بكات، چونكە ئەو زانایایەی كوژراوە، پێشتر لەلایەن نەتەنیاهۆ ناوی هێنراوە بەوەی داواكراوە لای ئەوان و ئەمەریكایش خستوویەتییە ناو لیستی سزاكانییەوە، بۆیە مەترسی بووە لەسەر ئیسرائیل بەو پێیەی مێشكی پەرەپێدەری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بووە، بەرژەوەندییەكی گەورەی ئیسرائیل لە كوشتنی هەبوو و لەناوبردنی دەبێتە هۆی وەستانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و رێگرتن لە پەرەپێدانی.

عەتەڵا پێی وایە وەڵامدانەوەی ئێران بەرانبەر كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەی بەهێز نابێت، چونكە تاران چاوەڕوانی جۆ بایدن دەكات و درك بەوە دەكات كوشتنەكە هەوڵێكە بۆ راكێشانی بۆ ناو جەنگێك، رەنگە ئەمەریكا تیایدا بەشداری بكات بۆ لاوازكردنی ئێران، بۆیە هیچ بژارەیەك لەبەردەم ئێران نییە جگە لە ئارامگرتن و چاوەڕوانیكردنی بایدن بۆ گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.

ئەو شارەزایە دەڵێت، هۆكاری بێدەنگی ئیسرائیل و رانەگەیاندنی كوشتنی زانا ئێرانییەكە ئەوەیە كە ئەو كارە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی كە كەسێكی لەناو خاكی وڵاتێكی ددانپێدانراو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كوشتووە كە خاوەن سەروەری و سەربەخۆییە، جیا لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، بەڵام فەخریزادە زانایەكی گەورەی ئەتۆمی ئێران بوو و بەرپرس بوو لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، كوژرانیشی دەبێتە بەربەست بۆ پەرەپێدانی، بۆیە ئێران گورزێكی گەورەی بەركەوت و ئەوەیشە كە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل