هەرێمی كوردستان دەتوانێ بەشێك لە پێداویستی عێراق بە گازی سروشتی دابین بكات

:: PM:03:52:30/11/2020 ‌
دكتور بێوار خنسی راوێژكاری ئاسایشی ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باس لە گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان لە گازی سروشتی دەكات و پێی وایە، هەرێمی كوردستان ئەگەر بەباشی سوود لەم سەرچاوەیەی وەربگرێت، ئەوا دەتوانێ ئابوورییەكەی خۆی بە رێژەیەكی بەرچاو پەرە پێ بدات.

خنسی دووپاتی كردەوە ئەو بەرهەمە سروشتییانەی كوردستان زیاتر لە ناوخۆ سوودیان لێ وەربگیرێت و بە پیشەسازی بكرێن، لە جیاتی ئەوەی بە خاوی كار بۆ ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بكرێت.
پەرەپێدانی پێترۆكیمیایی لە بواری نەوت و گازی سروشتی هاوكارە بۆ دابینكردنی ژمارەیەكی زۆری هەلی كار لە كوردستان.

ناردنی بەرهەمی خاو بۆ دەرەوەی وڵات جگە لەوەی كە نرخەكەی هەرزانە، لە هەمان كاتدا هیچ هەلێكی كار ناهێنێتە كایەوە، بەڵام پەرەپێدانی پێترۆكیمیایی لە بواری نەوت و گازی سروشتی هاوكارە بۆ دابینكردنی ژمارەیەكی زۆری هەلی كار لە كوردستان.

یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی ئەو شارەزایەی بواری وزە تیشكی خستە سەر، بریتی بوو لە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر بەیەكەوە كاركردنیان لە بواری وزەدا و وەك ئاماژەی دا، حكوومەتی عێراق خوازیارە هەرێمی كوردستان بەشێك لە پێداویستی گازەكەی بۆ دابین بكات و چیتر پشت بە دەرەوە نەبەستێت، هەنگاوێك كە بە قازانجی هەردوولایەنە و هەم عێراق بە نرخێكی باشتر بەرهەمەكەی دەست دەكەوێت و هەم هەرێمی كوردستانیش داهاتەكەی بەرز دەبێتەوە، چیتر پارەی عێراق بۆ كڕینی بەرهەمەكە لە عێراق ناچێتە دەرەوە.

پێویستە سەرنج بەو راستییەش بدرێت كە حكوومەتی عێراق بۆ دابینكردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، پشت بە گازی سروشتی ئێران دەبەستێت، بەڵام بە پێچەوانە هەرێمی كوردستان بۆ وێستگەكانی هەر پشت بە بەرهەمی ناوخۆی دەبەستێت و توانیویەتی خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ رێژەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستان پێشتر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پشتیان بە نەوتی رەش یان گازوایل دەبەست

لە هەرێمی كوردستان پێشتر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پشتیان بە نەوتی رەش یان گازوایل دەبەست كە هەم نرخەكەی گرانترە و هەم ژینگەی كوردستانی پیس دەكرد و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرز دەكردەوە، بەڵام ئێستە سەرووی 90%ی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت.

بەگوتەی بێوار خنسی گازی سروشتی لە دوو سەرچاوە دابین دەكرێت، یەكەمیان هەندێك كێڵگە لە هەرێمی كوردستان هەن كە خۆیان تایبەتن بە گازی سروشتی وەك كۆرمۆر و چەمچەماڵ، هەندێك سەرچاوەی گازی سروشتیش هەن كە كێڵگەكانی نەوتن و لەگەڵ دەرهێنانی نەوت بڕە گازێكیش دەهێنرێتە دەرەوە كە پێویستی بە تەكنەلۆجیای تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی ئەو گازە گل بدرێتەوە و بۆ بواری جیاواز سوودی لێ وەربگیرێت.

كۆمپانیای وەك داناگاز لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی گەورەی كردووە و رۆڵی كارای هەبووە لە دابینكردنی پێداویستی كێڵگەكانی گاز. بە بۆچوونی خنسی هەرێمی كوردستان ئێستە دەتوانێ رێژەیەك لە پێداویستییەكانی عێراقیش بە گازی سروشتی دابین بكات و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداش لەم پێوەندییەدا لە گفتوگۆدان.

هاوشێوەی وڵاتان بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیش لە زستاندا هەر پشت بەو گازە ببەسترێت.
خاڵێكی تر كە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە ئەوەیە ئەو بەرهەمە گازەی هەیەتی بە پیشەسازی بكات، لە داهاتوودا بە جیاكردنەوەی جۆرەكانی گاز كارێك بكات ئۆتۆمبێلەكان پشت بە گازی سروشتی ببەستن، هاوشێوەی وڵاتان بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیش لە زستاندا هەر پشت بەو گازە ببەسترێت. جگەلەمە ژمارەیەكی زۆری تری جۆری گاز لە ناو پێكهاتەی گازی سروشتی هەن كە لە بواری پیشەسازی گرنگییەكی تابەتییان هەیە، بە بەرهەمهێنانیان دەكرێ داهاتی زیاتر دەستەبەر بكرێت.

یەكێك لە گرنگترین دەرهاویشتەكانی بەكارهێنانی گازی سروشتی جگە لە داهاتەكەی بە بۆچوونی بێوار خنسی، ئەوەیە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاكڕاگرتنی ژینگەی كوردستان هەیە و ئۆتۆمبێلەكان  و زۆر لە مەكینەكان ئەگەر لە جیاتی گازوایل و بەنزین پشت بە گازی سروشتی ببەستن، ئەوا ژینگەی كورستانیش پاكتر دەبێت.

لە ناوخۆ مادەكانی لێ جیا بكرێتەوە و بەرهەمی پیشەسازی پێترۆكیمیایی رەوانەی دەرەوە بكرێت
نەوتی خاویش كە بە سەدان جۆر بەرهەمی تری لێ دروست دەبێت، پێویستی بەوە هەیە لە ناوخۆ پەرە بە پێترۆكیمیاییەكەی بدرێت و لە جیاتی ئەوەی بۆ ناردنەدەرەوەی بەرمیلێك نەوت خەرجی گواستنەوە و كۆگاكردن و پاسەوانی و كۆمەڵێك خەرجی تری بكەوێتە سەر، هەر لە ناوخۆ مادەكانی لێ جیا بكرێتەوە و بەرهەمی پیشەسازی پێترۆكیمیایی رەوانەی دەرەوە بكرێت و لەم رێیەشەوە ژمارەیەكی زۆری هەلی كار دابین دەكرێت.

لەسەر پرسی گرێبەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆمی رووسیا و پرسی ناردنە دەرەوەی گازی سروشتی، ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی وزە روونی كردەوە، ئاگاداری وردەكارییەكانی نییە، بۆیە زیاتر بەلایەوە گرنگە بەرهەمەكە لە ناوخۆ سوودی لێ وەربگیرێت و پەرەی پێ بدرێت.  



وشە - سلێمان تاشان