هەینی رابردوو لایەنگرانی سەدر هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی حبووبی لە شاری ناسڕییە و زیاتر لە چوار خۆپێشاندەریان كوشت و دەیانی تریشیان بریندار كرد، ئەوە لەبەرچاوی هێزە تەناهییەكانی عێراق كە تەنیا سەیریان كردووە، چاودێران ئەوە بە دەستتێكەڵكردنی موقتەدا سەدر و مستەفا كازمی دادەنێن، كە پێوەندییەكی سوودگۆڕكێیان لە نێواندا هەیە، هاوكات رەنگە سەرەتا و كۆتایی ئەو پێوەندییە كراوە و نادیار بێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ بۆشایی نێوان سەدر و كازمی زیاتر بێ و ئەوەی كۆی كردوونەتەوە، هەر ئەوەیش لێكیان دووربخاتەوە.
سەدر خاوەن پڕۆژەیەكی ئاینیيە و خۆی لە بوونی وەك كوڕی محەمەد سەدر دەبینێتەوە
ئێستە موقتەدا سەدر گرەو لەسەر شێوانی تیمی دەوروبەری كازمی و دەكات، بۆیە ئەو رووداوە خوێناوییەی ناسڕییە، دوورخستنەوەی نێوان رەوتی سەدر و سەرۆك وەزیرانی عێراقی زیاتر كرد، ئەوەیش دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا هەستی پێ دەكرا، ئەوان خاڵی لێكچوونیان هەیە بەوەی هەردوولا پشت بە شەقام دەبەستن، هەردووكیان خۆیان وا حسێب دەكەن لەو دەستەبژێرە سیاسییە نین كە ماوەی 17 ساڵی رابردوو فەرمانڕەوایەتییەكی شكستخوادوویان لە عێراق كرد.
لە رووداوەكەی ناسڕییە وا دەركەوت كە سەدر دەیەوێ دەستپێشخەری لە حكوومەتی كازمی وەربگرێتەوە، كاتێك بەهۆی رەخنەگرتن لە هەڵوێستی گۆڕاوی سەبارەت بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان، دەیان كوژراو و برینداری لەریزی خۆپێشاندەرانی ناسڕییە دروست كرد، چاودێران پێیان وایە سەدر كە خۆی لە پێگەیەكی پیرۆز دادەنێ و دەیەوێ بە بەردەوام لە سەرووی رەخنەگرتن بێت، گرەو لەسەر شێوان و دابەشبوونی تیمی دەوروبەری كازمی دەكات لە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ سەدردا.
لەوكاتەی لەو شێوانەی لە تیمی دەوروبەری كازمی دیارە كە بەشێكیان دەیانەوێ رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە لەگەڵ سەدر دروست بكەن، بەشێكی تریان پێیان وایە خۆیان لە سەدر بەدوور بگرن، بەهۆی ئەو بنكە جەماوەرییەی هەیەتی و توانای بۆ جووڵاندنەوەی شەقام لە بەغدا و باشوور، وەك ئەوەی هەینی رابردوو ئەنجامی دا.
ئەوكاتەی كازمی هەوڵی دا لە ناسڕییە دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست، چاودێران لەبارەی پاڵنەری رێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراق دابەش بوون، بەشێكیان پێیان وایە كە كازمی شەقێكی لە سەدر داوە لە بەیاننامەكەی كە چەندان ئاماژەی بۆ كردووە، هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی، بۆ سەپاندنی تەناهی لە ناسڕییە، بەشەكەی تریان جموجۆڵەكانی كازمیان بە وەڵامدانەوەی دوایین تویتی سەدر لەقەڵەم دا كە داوای لە حكوومەت كردبوو یاسا بسەپێنێت، ئەو لێدوانەی چاودێران بە خۆبەزلزانیان لەقەڵەم دا دوای دوو رۆژ لەو كوشتارەی لایەنگرانی لە ناسڕییە دروستیان كرد.
سەدر لە تویتەكەی داوای ئاشتی بۆ ناسڕییە كرد و گوتی، با خەڵكەكە ململانێی یەكتر نەكەن، ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ خۆبێبەریكردن لە كوشتنی خۆپێشاندەران و پێشاندانی ئەوەی رووی دا وەك ململانێیەك لەنێوان خەڵكی شارەكە، بۆیە ئەگەر كەسانێك هەبن ئاسایشی ناسڕییە بشێوێنن، پێویستە حكوومەت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.
لە بەرانبەر ئەو داوایەی سەدر، كازمی، وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەیاننامەیەكی دەركرد و باسی نەهێشتنی روودانی دووبەرەكی كرد، بێ ئەوەی ناوی لایەنەكان بێنێت، بۆیە پێویستە سەپاندنی یاسا بەشێوەیەك بێ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بپارێزرێن و لە تێكدەران جیا بكرێنەوە.
جیا لەوو قسانەی كازمی، ئەو قاسم ئەعڕەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ناسڕییە لە چوارچێوەی شانەیەك بە بەشداری چەندان فەرماندەی باڵای سەربازی و تەناهی راسپارد و دەسەڵاتی فرەوانی دارایی و كارگێڕی و تەناهی پێ بەخشین بۆ ئەو مەبەستە، چاودێران پێیان وایە پێكهێنانی ئەو شانەیە رەنگە بۆ پاراستنی خۆپێشاندەران بێ لەهەر دەستدرێژییەكی سەر لە داهاتوودا، لەسەر ئەو بنەمایەیش چاودێرێكی عێراقی پێی وایە كە زەحمەتە بتوانین شیمانەی بوونی پێوەندی لە نێوان سەدر و كازمی لە داهاتوودا بكەین، چونكە هەریەكەیان خاوەن پڕۆژەیەكی سیاسی خۆیەتی.
ئەو چاودێرە روونی كردەوە، رەنگە ئەوەی كۆیان بكاتەوە نەیاری بێ بۆ ئەو حزبانەی بەسەر دەوڵەت باڵادەستن، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ نەهێشتنی ئەو خاڵانەی لەیەكتریان جیا دەكاتەوە، چونكە سەدر ئەگەرچی خۆی لەپشت دروشمی نیشتمانی شاردۆتەوە، بەڵام پڕۆژەیەكی ئاینی هەیە و بوونی خۆی لە بوونی وەك كوڕی محەمەد سەدر دەبینێتەوە، هەروەها وابەستەیی بە ئێران متمانەی نیشتمانپەروەری كەم دەكاتەوە.
هەرچی كازمییە، هەستكردنی بە نائومێدی بەهۆی رووخانی ئابووری عێراق لە ئەنجامی ساڵانێك لە گەندەڵی، رێگەی پێ نادات لەگەڵ سەدر بسازێن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكان كازمی هۆكارێكی نییە بۆ ئەوەی لە سەدر دڵنیابێتەوە، بەتایبەتی كاتێك پڕۆژەی سەدر لەگەڵ بوونی كازمی وەك سەرۆك وەزیران یەك ناگرێتەوە، ئەگەر سەر بڕیاری دا یەكێك لە ئەندامانی رەوتەكەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كاندید بكات.