بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆ ببێتەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەربكات و چارەنووسی مانگێكی تری خوێندن بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دارون، بڕیارە پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەی باڵای لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەربچێت.
ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو هەڵسەنگاندنمان بۆ ڕەوشەكە كردووە و ڕاپۆرتمان ئامادە كردووە بۆ كۆبوونەوەكە و چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی دەكرێت.
پێشتر عەبدولسەلام دۆڵەمەری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێمان باشە دەرگای قوتابخانەكان تا یەكی كانوونی دووەم واتا ساڵی نوێ بەداخراوی بمێنێتەوە، بۆیە چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی دەكەین.
ڕوونی كردەوە، خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان كێشەی نییە و بە سیستمی ئاوێتە بەڕێوە دەچێت و تەنیا بۆ تاقیكردنەوە و وانە كردەنییەكان دەچنەوە هۆڵەكان.
باسی لەوەش كرد، ڕاپۆرتێكمان بۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بەرز كراوەتەوە و چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی ئەوان دەكەین، هەرچەندە ئامارەكان دەرخەری ئەوەن تووشبوون كەم بووەتەوە، بەڵام ئەوەیش مانای ئەوە نییە كە ڕەوشەكە كۆنتڕۆڵ كراوە