بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهادین نووری كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی حزبی شیوعیی كوردستان، بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پرسەنامەیەكی بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، بەناوی پارێزگاری سلێمانییەوە پرسە و ماتەمینی و پەژارەی خۆمان بۆ كۆچی دوایی كەسایەتیی سیاسیی و فەرهەنگیی و پێشمەرگە و سەركردە و تێكۆشەری خەباتی نیشتمانی و چینایەتیی كوردستان و عێراق بەهادین نووری دەردەبڕین، داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت و ڕۆحی بەڕێزیان شاد بێت.
ڕۆژی 23ـی تشرینی دووەم، تووشبوونی بەهادین نووری بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیەنرا.
بەهادین نووری خەڵكی گوندی تەكێی قەرەداغە، لە ساڵی 1927 لەدایك بووە، باوكی و باپیری مەلا بوون، باوكی دەیویست ببێ بەفەقێ و بچێتە مزگەوتی بیارە لای مەلا عەبدولكەریمی مودەریس بخوێنێ، بەڵام ساڵی 1946 لە تەمەنی 19 ساڵیدا چووەتە حزبی شیوعی و ساڵی 1949 دەبێتە سكرتێری حزب.
لە ساڵی 1953 گیرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەركرا، دواتر لەژێر گوشاردا ئەو فەرمانە هەڵوەشێنرایەوە و كرا بە زیندانی تاهەتایی، دواتر ئازاد كرا و لە ساڵی 1994 بزووتنەوەی ئازادیخوازانی كوردستانی دامەزراند.