دوو وەزیری بەریتانیا سەردانی هەولێر دەكەن

:: AM:09:06:01/12/2020 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ دوو وەزیری بەریتانیا سەردانی هەولێر بكەن و گفتوگۆ لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا عێراقییەكان بڵاو كراوەتەوە، بڕیارە جێمس كلیڤرلی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، جێمس هیبی وەزیری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا بە سەردانێك لە بەغداوە بگەنە هەولێر و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە. 

بەهاتنی ئەو وەزیرە بەریتانیانە گفتوگۆ لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا دەكرێت، لەگەڵ گفتوگۆ و پرسە ناوخۆییەكانی عێراق و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دەخەنە بەرباس.

جووڵەكانی داعش و تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە، هەروەها پرسی بەرەنگاربوونەوەیان و راوەدوونانی چەكدارانی داعش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

دوێنێ‌ هەردوو وەزیر بە سەردانێك گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، لەبارەی گرنگی بەردەوامیدانی هاوكاری دوولایەنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و تاوتوێكردنی رەوشی عێراق و هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە.


 



وشە - رامیار جەواد