فه‌رمانده‌یه‌كی ھێزی پێشمه‌رگه له شنگال گوتی، له شه‌وی ڕابردووه‌وه ھێزێكی زۆری عێراقی ھاتوون بۆ شنگال، شارۆكه‌كه‌یان بۆ ده‌ركردنی ھێزی ناشه‌رعی گه‌مارۆ داوه، تا ئێسته به‌شێك له په‌كه‌كه كشاونه‌ته‌وه و به‌شێكیش ھێشتا ماون و دواین واده‌ش بۆ ده‌ركردنیان ئه‌مڕۆیه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م یه‌كی كانوونی یه‌كه‌م، قاسم دربۆ فه‌رمانده‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ھه‌رێمی كورستان چه‌ندان جار داوای له په‌كه‌كه كرد له شنگال بچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌گوێیان نه‌كردن، دوای ئه‌وه‌ی عێراق داوای لێ كردن، به‌شێكیان باره‌گاكانی خۆیان چۆڵ كردووه و ته‌نیا به‌شێكی كه‌م ماون.
قاسم دربۆ ڕوونی كرده‌وه، پێش چه‌ند رۆژێك دواین مۆڵه‌ت به په‌كه‌كه درا تا باره‌گاكانیان چۆڵ بكه‌ن و له شنگال بچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش به‌شێك ماون و به‌شێكیش كه بینییان ھێزێكی زۆر ھاتووه‌ته شنگال، كشانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه ڕای گه‌یاند، ئه‌مڕۆ تا ئێواره ئه‌گه‌ر نه‌كشێنه‌وه، ھێزه عێراقییه‌كان ھه‌ڵوێستیان ده‌بێت و ره‌نگه به شه‌ڕ ده‌ریان بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی گوت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌كه‌كه بێ شه‌ڕ شنگال چۆڵ بكات، چونكه ئه‌و فشارانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو كردیان ھیچ سوودێكی بۆیان نه‌بوو، بۆیه ناچارن له شنگال ده‌ربچن.
ڕوونیشی كرده‌وه، جگه له په‌كه‌كه، ھێزی ئێزیدخانیش ئه‌م به‌یانییه باره‌گاكانی خۆیان چۆڵ كرد.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم