سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق كۆ بووەوە و گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان باس كرا.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ڕووسیا، كاری كۆمپانیا ڕووسییەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەشیان خستە بەرباس.
هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە كە دەرفەت و زەوینە لەبارە بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووسیا فراونتر و هەمەلایەنە بكرێن، لە قۆناغەكانی داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە برەودان بە پێوەندییەكانیان لە هەردوو بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدا بدرێت، هەروەها ئاسانكاری لە بواری هاتوچۆی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا فراوانتر بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بیرۆكەی هەبوونی گەشتیی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی هەولێر ـ مۆسكۆ تاوتوێ كرا.