مەحموود سەنگاوی دژی بافڵ تاڵەبانی دەوەستێتەوە

:: PM:09:03:01/12/2020 ‌

 لەم هەفتەیەدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە حزبەكەی لەگەڵ دووئیدارەیی هەرێمدا نییە، بەڵام مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، دوو رۆژ دوای قسەكانی بافڵ تاڵەبانی لە رێوڕەسمێكدا رای گەیاند، چەندانجارە داوای لە یەكێتی كردووە دوو ئیدارەیی رابگەیەنێت.
سەركردەیەكی یەكێتی: هەرێمی كوردستان یەك هەرێمە و نابێ كەرت بكرێت
 بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی میدیاییدا رای گەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دووئیدارەیدا نین.

ئارام ئەحمەد، وەك چاودێرێكی سیاسی لە رێگەی "وشە"ەوە دووپاتی كردەوە، بۆچوونی جیاوازی ناو یەكێتی نشتمانیی كوردستان لەسەر كۆی پرسەكان، وای كردووە رای ئەو حزبە لای شەقام و حزبە كوردستانییەكان ناڕوون بێت.

زیاتر گوتی، بابەتی پێوەست بە حزب ئاساییە ئەندامانی بۆچوونی سیاسییان جیاواز بێت، بەڵام لە پرسەكانی تری پێوەست بە هاووڵاتییانەوە دەبێ سەركردایەتی سیاسی هەر حزبێك كۆك بن لەسەری.

هەرچەند مەحموود سەنگاوی لە كۆتایی مانگی رابردوو، واتە دوێنێ دووشەم، لە لە رێوڕەسمی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی بەڕێوەبەری ئاسایشی كولەجۆ بە دەنگێكی بەرز رای گەیاند، چەندینجار داوام لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەم كردووە دووئیدارەیی رابگەیەنێ و بۆخۆم لەگەڵ دووئیدارەییم.

كەریم شوكر، ئەندامی سەركردایەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، ئێمە قوربانی زۆرمان بۆ رزگاركردنی كوردستان و یەكخستنی ئیدارەیی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد داوە، بۆیە هەرگیز لەگەڵ دووئیدارەیدانین، روونی كردەوە، نابێ قسە لەسەر دووئیدارەی بكرێت، هەرێمی كوردستان یەك هەرێمە و نابێ كەرت بكرێت.

ئەوقسانەی مەحموود سەنگاوی سەرەڕای ئەوەی پێچەوانەی قسەكانی هاوسەرۆكی حزبەكەیەتی، لای كەسوكاری شەهیدانیش جێگەی نیگەرانیی، رووناك حەسەن، وەك ژنەشەهیدێك بۆ"وشە" باسی لەوە كرد، دووئیدارەیی رۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆ و شەڕی براكوژیمان دەخاتەوە یاد.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل