"وشە" زانیاریی نوێ‌ لەسەر شەڕە تەقەكەی شەوی ڕابردوو بڵاو دەکاتەوە

:: AM:09:25:02/12/2020 ‌
شەوی ڕابردوو هەواڵی كوژرانی دوو كەس لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل بڵاو كرایەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی تەناهی ڕای دەگەیەنێت، تەنیا یەك كەس كوژراوە و سێ‌ كەسیش گیراون.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت بە "وشە" دراون، ئەو دوو ئۆتۆمبێلە لە نێوانیان تەقەكردن ڕووی داوە، بەهیچ شێوەیەك لە شوێنی تر نەهاتوون، بەڵكو شەڕەكە لە بەردەم كافتریاكە بووە، كوژراوەكە لە كافتریاكە بووە و هاتووە بڕوات.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، چەند كەسێك هاتوونەتە كافتریایەك و لە كاتی ڕۆیشتنیان ئۆتۆمبێلێك دێتە شوێنێان بۆ كافتریاكە و دەمەقاڵێ‌ لە نێوانیان دروست بووە.

باسی لەوەش كرد، یاسر غازی سەرنشین بریندار بووە و لەگەڵ براكەی بەناوی شەعبان غازی و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری bmw كوژراوە و كەسی سێیەمیش بریندار بووە.

باس لەوەش كراوە، كەسێكی تر بریندار بووە لە ئۆتۆمبێلی بەرانبەر کە لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری تویۆتا كامیری بووە، ئێستە سێ‌ كەس گیراون و لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كردووە.

شەوی ڕابردوو لە سەرەتای شەقامی 40 مەتری هەولێر، كەسێك كوژراوە و دوو كەسیش بریندار بوون.




وشە - رامیار جەواد