رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بەسەر داهاتی نەوتی لیبیا داگرت

:: AM:11:31:02/12/2020 ‌
كارگرووپی تایبەت بە كاروباری ئابووری سەر بە كۆمسیۆنی بەدواداچوونی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی لیبیا بڵاوی كردەوە، تا لایەنەكانی ناكۆك بە رێككەوتنی كۆتایی دەگەن، دەست بەسەر داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەدا دەگرێت.

بەیاننامەكەی ئەو دامەزراوەیەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە و بڕیارەكەش دوای ئەوە دەرچوو كە حكوومەتی كاتیی لیبیا لە رۆژهەڵات، چەند رۆژ لەمەوبەر پێشنیاری بە كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی وڵات كردبوو هەژماری بانكیی خۆی لە دەرەوەی وڵات دابخات.

بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لە ناوخۆی وڵات دابەش بكرێت
حكوومەتی كاتیی داوای لە كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی لیبیا كردبوو تا ئەو كاتەی ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لە ناوخۆی وڵات دابەش بكرێت، هیچ بڕە پارەیەك بۆ بانكی ناوەندیی لیبیا نەگوازرێتەوە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دوای رووخانی رژێمی قەزافی، یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی درێژەكێشانی جەنگ و ئاڵۆزی لەو وڵاتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەر لایەنێك دەیەوێ دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتدا بگرێت.

كۆمسیۆنەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەم كێشانە، داوای كردووە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی لیبیا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیا رێك بخرێت. هاوكات داواشی لە پسپۆڕانی باڵا و بڕیاردەرە سەرەكییە ئابووری و سیاسییەكان كرد تا كاتی گەیشتنی لایەنەكانی لیبیا بە رێككەوتنێكی گشتگیر، پاڵپشتی بڕیاریی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم داهاتەكە بكرێت.

ئەو كۆمسیۆنە بە پێویستی دەزانێ لیبییەكان پێشوازی لەم هەنگاوە بكەن بۆ ئەوەی بە وردی ئاگاداری سەرچاوەی داهاتی وڵاتەكەیان و چۆنیەتی خەرجكردنی ببن، پارێزگاری لەو سامانە بكەن و لێپێچینەوە لەو كەسانە بكەن كە دەیانەوێ زانیارییەكان بشارنەوە و هیچ شەفافییەتێك لە داهاتدا نەهێڵن.

ئەو بڕە پارەیەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دەستی بەسەردا گرتووە، بڕە پارەیەكی زۆرە و وەك كۆمسیۆنەكە خستوویەتەڕوو بەشی ئەوە دەكات بودجەی ساڵی 2021ی پێ دابین  بكرێت.
بڕە پارەیەكی زۆرە و بودجەی ساڵی 2021ی پێ دابین بكرێت.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، سوپای نیشتمانیی لیبیا بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ داوای لە بانكی ناوەندیی كردبوو رێكارێكی روون و ئاشكرا بخاتەڕوو بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات بەسەر هەموو وڵات. ئەو گوتبووی بەشێكی زۆر لە داهاتەكە چووەتە گیرفانی میلیشیاكان و بەكرێگیراوە بیانییەكانەوە، بۆیەش داوای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو گوشار بخاتە سەر حكوومەتی سیراج تا چۆنیەتی خەرجكردنی ئەم داهاتە بخاتەڕوو.

پێشتر سەرچاوەیەكی نزیك لە خەلیفە حەفتەر بە رۆیتەرزی گوتبوو، ئەو فەرماندە سەربازییە بۆ یەكەم جار توانیبووی پلانی دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات لە مێژووی لیبیا جێبەجێ بكات، دەخوازێ ئەو هەنگاوەش رێڕەوێكی فەرمی و یاسایی وەربگرێت تا تەواوی وڵات بتوانێت لە داهاتەكانی سوودمەند بێت بێ ئەوەی بەشێكی وڵات ستەم لە بەشەكەی تر بكات.

گەندەڵییەكی زۆر لە بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە هەیە كە سدیق كەبیر سەرۆكایەتی دەكات.
لە لایەكی ترەوە حكوومەتی كاتیی لیبیا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكە دووشەمی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ قسەكانی مستەفا سەنعوڵا سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی  لیبیا لە تەرابلوس كردووە. لە قسەكانی دەردەكەوێت گەندەڵییەكی زۆر لە بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە هەیە كە سدیق كەبیر سەرۆكایەتی دەكات.

ئەو هەڵوێستە لە كاتێكدایە حكوومەتی سیراج لە ماوەی رابردوودا دژایەتی بڕیاری كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی لیبیای كردووە لەوەی رێ بۆ ئەوە خۆش بكات رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەست بەسەر داهاتی نەوتدا بگرێت. سدیق كەبیر یەكێكە لە ئەندامە دیارەكانی ئیخوان مسلمین كە لە لایەن رێبەرانی ئەو گرووپەوە پشتیوانی دەكرێت.

سدیق كەبیر توانیویەتی بەرزترین پۆستە ئابووری و بازرگانییەكانی لیبیا وەربگرێت و بە تەواوی كۆنترۆڵیان بكات. یەكێك لەو پڕۆژانەی كە گەندەڵییەكی زۆری تێدا كراوە، بریتی بووە لە دامەزراندنی پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوونی مسراتە كە لەلایەن سدیق كەبیر خۆی و ژمارەیەك لە رێبەران و فەرماندەی میلیشیا توندڕەوە ئیسلامییەكان ئیدارە دەكرێت.
توركیا یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە رۆڵی هەبووە لە پەرەپێدانی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە.

توركیا یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە رۆڵی هەبووە لە پەرەپێدانی میلیشیاكان و جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە. ئەردۆغان پشتیوانی لە حكوومەتی سیراج كردووە و تەنانەت هێز و سوپا و چەك و تفاقیشی بۆیان گواستوووەتەوە. بە سەدان چەكداری توندڕەوی ئیسلامی لە سووریاوە بۆ لیبیا گواستووەتەوە تا شەڕی خەلیفە حەفتەر بكەن، هەرچەندە تا ئاستێك رۆڵی هەبووە لە بەهێزكردنی حكومەتی سیراج، بەڵام كێشەكانی ئەو وڵاتەی قووڵتر و ئاڵۆزتر كرد.

لەمدواییانەدا بە چاودێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، جۆرێك ئاشتی بەرقەرار بووە و جەنگ وەستاوە، بەڵام هێشتا لایەنەكان ناكۆكن و بەردەوام ململانێی یەكتر دەكەن.


وشە - سلێمان تاشان