نیوزلاند باری نائاسایی كەشوهەوای راگەیاند

:: PM:04:06:02/12/2020 ‌
سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند باری نائاسایی كەشوهەوای لە وڵاتەكەی راگەیاند و بە پەرلەمانی گوت بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو تووشی ئازار و كارەساتی گەورە نەبنەوە، دەبێت رێكاری خێرا بگیرێتەبەر.

بە گوتەی جاسیندا ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە زانستییەكان زۆر روون و ئاشكران، بۆیەش دەبێت درك بەم هەڕەشانە بكەن.
لە ئێستەوە گوێ بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا نەدەین، ئەوا لە كەنارەكانی وڵاتەكەمان كارەسات روو دەدات

ئەو رووی قسەی لە نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد و گوتی، "ئێمە كاتێك باری نائاسایی رادەگەیەنین كە هەڕەشەیەك بۆ سەر ژیان و سەروسامانی خەڵك بێتە كایەوە، ئەگەر لە ئێستەوە گوێ بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا نەدەین، ئەوا لە كەنارەكانی وڵاتەكەمان كارەسات روو دەدات."

بەگوێرەی رادیۆ فەردا حزبی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەو دژایەتی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕی، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەم پەرلەمانی نیوزلاند بە 76 دەنگی بەڵێ و 43 دەنگی نەخێر دەنگی بە پڕۆژەكە دا و پەسند كرا.

سەرۆك وەزیران ساڵی رابردوو ئەو بەرپرسیارێتییەی خستە سەرشانی حكوومەت تا ساڵی 2050 بڵاوبوونەوەی كاربۆن لە وڵاتەكەی هاوسەنگ بكات و تا سالی 2035 بۆ دابینكردنی تەواوی وزە پشت بە سەرچاوەی پاك ببەستێت.

بەریتانیا یەكەم وڵاتە كە مانگی ئایاری رابردوو باری نائاسایی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای پەسند كرد. لەو كاتەوە سەرووی 10 وڵات و هەزار و 800 بەرپرسی خۆجێی لە شارەكانی دنیا پشتیوانییان لەم هەنگاوە كردووە.



وشە - سلێمان تاشان