سیستمێكی نوێی گەرمكەرەوەی ماڵان پارێزگاری لە سامانی گشتی دەكات

:: PM:02:10:03/12/2020 ‌
سیستمی گەرمكردنەوەی ماڵان لە كوردستان خەریكە بۆ سەرچاوەی هەرزانتر گۆڕانكاری بەسەر دێت، یەكێك لەو شێوازانەش كە ماوەی چەند ساڵێكە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك كۆمپانیای پێوەندیدار كاری تێدا دەكەن، دانانی سیستمی شۆفاژە بۆ ماڵان. ئەم سیستمە لە سەرجەم سەرچاوەكانی تر هەرزانتر دەوەستێت و لە هەمان كاتدا پاكترە و پارێزگاری لە سامانی گشتیش دەكات.

 ئەو سیستمە پشت بە ئاوی گەرم دەبەستێت بۆ ئەوەی ماڵەكە گەرم بكاتەوە و بە پێچەوانەی سەرچاوەكانی تری گەرمكەرەوە و هیچ دەنگ و پاشماوەیەكی پیسكەرەوەی ژینگەی نییە.
یەكێك لە باوترین ئەو سەرچاوانە كارەبا بووە كە لە رێی هیتەر یان سپلیت ماڵەكانی پێ گەرم دەكرێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك سەرچاوەی گەرمكەرەوەی ماڵان هەن كە لە زستاندا تا ئێستە خەڵك پشتیان پێ بەستووە. یەكێك لە باوترین ئەو سەرچاوانە كارەبا بووە كە لە رێی هیتەر یان سپلیت ماڵەكانی پێ گەرم دەكرێتەوە.

ئەم سەرچاوەیە دوو كێشەی هەیە، یەكەم ئەوەیە هەموو كاتێك كارەبای نیشتمانیی نییە و رۆژانە لە هەندێك كاتی دیاریكراودا دەكرێ سوودی لێ وەربگیرێت، كەوایە بۆ زستان ناكرێ پشتی پێ ببەستیت و لە پاڵ ئەمە دەبێت سەرچاوەیەكی تری گەرمكەرەوە هەبێت.

كێشەی دووەم كارەبا ئەوەیە نرخەكەی گرانە و خەرجییەكی زۆر دەخاتە سەر خاوەن ماڵ، حكوومەتیش كە بەشێكی بەرچاو لە بودجە و خەرجییەكانی لە ئەستۆ گرتووە خەرجییەكانی زیاتر دەبێت و لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری تر، ناچارە ساڵانە بودجەی زیاتر بۆ كارەبا خەرج بكات و هیچ كاتێكیش نەتوانێ 24 سەعاتەكە دابین بكات.

یەكەمیان ئەوەیە گرانە و دووەمیش پیسكەرەوەی ژینگەیە
سەرچاوەی دووەم كە زۆر لە هاووڵاتییان لە كوردستان پشتی پێ دەبەستن بۆ ئەوەی ماڵەكانی پێ گەرم بكەنەوە، نەوتی سپییە. سوودوەرگرتن لەم سەرچاوەیەش دوو كێشەی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە گرانە و دووەمیش پیسكەرەوەی ژینگەیە و هەڵگری كۆمەڵێك كێشەی جیاوازە. 

نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی سپی سەرووی 100 هەزار دینارە و هەندێك ساڵ نرخەكەی تا سەرووی 140 هەزار دیناریش بەرز بووەتەوە.

هەر خێزانێك بیەوێت لە زستاندا بەشێكی كەم لە ژوورەكانی ماڵەكەی گەرم بكاتەوە، ئەوا پێویستی بە لانی كەم دوو بەرمیل نەوت هەیە. جگە لەمە رۆژانە بەردەوام دەبێ نەوت لە سۆپا بكرێتەوە و هەندێك جاریش فتیلە دەسووتێت یان رەق دەبێت و بۆنێكی ناخۆش دەردەكات و ژینگەی ناو ماڵەكە زۆر ژەهراوی دەكات.

سوودوەرگرتن لێی بە پشتبەتن بەو ئامێرانەی لە بازاڕەكاندا هەن، تا ئاستێكی زۆر مەترسیدارە
سەرچاوی سێیەم لە كوردستان گازی ماڵانە و هەرچەندە ئەو سەرچاوەیە نرخەكەی هەرزانە، بەڵام راستەوخۆ سوودوەرگرتن لێی بە پشتبەتن بەو ئامێرانەی لە بازاڕەكاندا هەن، تا ئاستێكی زۆر مەترسیدارە و ساڵانەش ژمارەیەك هاووڵاتی بەهۆیەوە دەبنە قوربانی.

ئەگەر لوولەی گاز بۆ ژوورەكان راكێشرابێت و پێشتر رەچاوی دانانی لوولەی تایبەتیی گواستنەوەی دووكەڵ و پاشماوەكانی سووتانەكە بۆ دەرەوەی خانووەكە كرابێت، ئەوا زۆر باشە بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام لە كوردستان ئەم ژێرخانە نییە، بۆیە بەكارهێنانی گاز بۆ گەرمكردنەوەی بەم ئامێرانە سەركەوتوو نەبووە.

ماوەی پێنج تا شەش ساڵ دەبێت شێوازێكی نوێی گەرمكردنەوەی ماڵان هاتووەتە كوردستان كە لە ئەوروپاش هەر پشت بەوە سیستمە دەبەسترێت و بە وزەیەكی كەم دەتوانرێت ماڵەكان گەرم بكاتەوە.

سیستمەكە بە دوو شێوەیە كە دەكرێ تۆڕی لوولەكانی گواستنەوەی ئاوی گەرم لە ژێر كاشییەكان دابنرێت یان بە كۆمەڵێك دەزگا لە دیوارەكان گرێ بدرێن.

دەكرێ تۆڕی لوولەكانی گواستنەوەی ئاوی گەرم لە ژێر كاشییەكان دابنرێت
یەكێك لەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان خەریكی بەستنی ئەم سیستمەیە بۆ ماڵان، كۆمپانیای پۆوەرپایپە كە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان لقی هەیە و خزمەتگوزارییەكە پێشكەش دەكات.

رێبین عەبدولڕەحمان خاوەنی كۆمپانیاكە بۆ "وشە" باس لە گرنگیی سیستمەكە دەكات و دەڵێت، لەوانەیە لەكاتی دامەزراندن كەمێك خەرجی هەبێت، بەڵام دواتر خاوەن ماڵ دەحەسێنێتەوە و تا دەیان ساڵ لە گەرمكردنەوەی ماڵەكەی پشتئەستوور دەبێ و چیتر پێویستی بەوە نابێ بە كارەبا و نەوت ماڵەكەی گەرم بكاتەوە.

وەك زیاتر خستیەڕوو، ئێستە زۆر لەو خانووانەی تازە دروست دەكرێن بەر لەوەی كە كاشی بكەن، ئەوا تۆڕی شۆفاژ هەر لە بن زەوییەكە دادەمەزرێنن كە لە جۆرێكی تایبەتی بۆڕی پلاستیكی و تا نزیكەی نیو سەدە هیچ شتێكیان بەسەر نایەت و تا نزیكەی 100 پلەی سانتیگراد، دەتوانن ئاوی گەرم بگوازنەوە و گەرماكەی بۆ سەر زەوی و ناو ژوورەكە بگوازنەوە.

كە سیستمەكە دانرا، ئیتر لە ناو ژووردا هیچ شتێك نابینی پێ كرابێت، كەچی ژوورەكە خۆی گەرمە و كەشێكی گەرم و خۆش بۆ ماڵەكە دابین دەكات.

پشت بە گازی ماڵان دەبەستێت
سەرچاوەی ئاوەكە بە چەند ئامێرێكی هاوشێوەی گیزەر لە شوێنێك دادەنرێن و بۆ پێكردنیشیان پشت بە گازی ماڵان دەبەستێت، خاوەن ماڵەكە لە كاتی سەرمایەكی زۆر گڕەكەی زیاد دەكات و لە سەرمایەكی كەمیش لەوانەیە پێویست بكات تەنیا یەك بەشی ئامێرەكە پێ بكات.

خاوەنی كۆمپانیاكە روونی كردەوە، ئەگەر لە سەرەتاوە سیستمەكە دابمەزرێت، ئەوا بۆ خانوویەك كە رووبەرەكەی 200 مەترە بە كەرەستەی ئیتاڵی حەوت هەزار دۆلاری تێبچێت.
تێچووی ئەمەش بەراورد بەوەی پێشتر زۆر كەمتر دەوەستێت و لەوانەیە كەمتر لە نیوە بێت.

ئەگەر خانووەكە پێشتر دروست كرابێت و هاووڵاتییەكە حەز بكات ئەو سیستمە دابمەزرێنێت، ئەوا ناكرێ دیسان كاشییەكان هەڵكەنرێن و خەرجییەكی زۆر بخاتە سەر شانی خاوەن ماڵ، بەڵكو ئامێرەكان كە شێوەی رادیاتیان هەیە لە دیوار دەدرێن و بە هەموو ژوورەكاندا تێدەپەڕن و تێچووی ئەمەش بەراورد بەوەی پێشتر زۆر كەمتر دەوەستێت و لەوانەیە كەمتر لە نیوە بێت.

لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان خەرج دەكرێت، ئەم جۆرە شێوازانە دەتوانێ جێگرەوەی شێوازەكانی تر بێت و بە خۆشیەوە هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و هیچ كاتێك لەم دابینكردنی سەرچاوەكەی تووشی تەنگژە نابێت.



وشە - سلێمان تاشان