مه‌رزه لاوه‌كییه‌كانى نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، هه‌زاران هه‌لى كاریان بۆ گه‌نجان و كاسبكارانى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ى كوردستان ره‌خساندووه. قایمقامى پێنجوێن دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه داهاتى رۆژانه‌ى دوو مه‌رزى لاوه‌كى 30 ملیۆن دینار ده‌بێت.
سۆران حه‌سه‌ن، دانیشتووى پێنجوێن و ده‌رچووى زانكۆیه، به‌هۆى نه‌بوونى ده‌رفه‌تى دامه‌زراندن له كه‌رتى حكوومیدا، ئێسته رووى له مه‌رزه لاوه‌كییه‌كانى سنوورى شارۆكه‌كه‌ى كردووه. ئه‌و مه‌رزانه باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌ده‌ن.
ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ، "رۆژانه له سه‌عات پێنجى به‌یانییه‌وه له‌و مه‌رزه‌دا كاڵا و شتومه‌ك بار ده‌كه‌ین و به‌وه‌ش بژێوى خۆمان دابین ده‌كه‌ین".
سواره محێدین، خوێندكارى ئاماده‌یییه و له مه‌رزى توتمانى سنوورى شاره‌دێى ناڵپارێز كار ده‌كات، بۆ "وشه" ئاماژه‌ى به‌وه كرد، "رۆژانه بڕی 10- 15 هه‌زار یان زیاترى ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام عوسمان ئیبراهیمى شوفێر له‌و مه‌رزه‌دا بۆ هه‌ر بارێك كه له نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران ده‌یگوازێته‌وه، بڕى 250 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت.
له نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا ژماره‌یه‌ك مه‌رزى لاوه‌كى هه‌ن و هه‌زاران هه‌لى كاریان بۆ گه‌نجانى شارۆكه سنوورییه‌كانى هه‌ردوو به‌شى كوردستان مسۆگه‌ر كردووه.
كاوه سۆفى بازرگان له مه‌رزى هه‌ڵاڵاوا، له‌كاتى چاوه‌ڕوانى بۆ گواستنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌كانى له كارخانهیهكى هه‌رێمه‌وه بۆ شارى مه‌ریوان، بۆ "وشه" گوتى، "هه‌بوونی ئه‌م جۆره مه‌رزه لاوه‌كییانه هه‌م بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش بۆ ئێران و به‌تایبه‌تیش ناوچه كوردنشینه‌كانی هه‌ردوولا گرنگی و بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه".
ئه‌و ده‌ڵێ، "پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خاوه‌نكار و بازرگانه‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌یه و كاتێك دیارى ده‌كه‌ین تا كه‌لوپه‌له‌كان دووباره له رێگه‌ی مه‌رزی لاوه‌كییه‌وه ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵات بكه‌ینه‌وه".
سۆفى زیاتر ده‌ڵێ، "كاره‌كه له مه‌رزه لاوه‌كییه‌كانه‌وه كاتى زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام داهاتێكی باشی هه‌یه، سه‌ره‌تا كه‌لوپه‌له‌كان ده‌به‌ینه كارخانه‌یه‌ك له نزیكی مه‌رزه‌كان و دواتر له رێی حهماڵهكانهوه بۆ ئێران ده‌گوازرێـته‌وه و ئێمه‌ش پاره‌ی كارخانه و ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه و حهماڵهكان ده‌ده‌ین".
حه‌سه‌نى فه‌تاحی سه‌رپه‌رشتیارى حه‌ماڵ و باره‌كان كه له دیوى ئێرانه‌وه وه‌ستابوو، به"وشه"ى راگه‌یاند، به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ته‌واوی گونده‌كانی بانه، مه‌ریوان و سه‌قزى سه‌ر به‌پارێزگاى سنه، هه‌موو رۆژێك له به‌یانییه‌وه تا دره‌نگانێكی دوای نیوه‌ڕوان له‌سه‌ر سنوور و له ته‌نیشت ده‌رگه‌ی سه‌ره‌كیی مه‌رز چاوه‌ڕوانى گه‌یشتنى كهلوپهلهكانیانن.
ئه‌و ده‌ڵێ، "به‌ئاگادارى هه‌ردوو قایمقامى پێنجوێن و مه‌ریوان، رێگه به‌هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌ل ده‌درێت له خاكى هه‌رێمه‌وه بۆ ئێران، كه‌لوپه‌له‌كان له سه‌لاجه، موجه‌میده، غه‌ساله، ته‌له‌ڤزیۆن، گسكى كاره‌بایی، ته‌باخى چێشتلێنان و كه‌لوپه‌له جوانكارییه‌كان پێك دێن، به‌ڵام نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاره، ده‌مانچه، ماده كهوولییه‌كان بۆ ئێران هاورده بكرێن، چونكه ئه‌وه لێپرسینه‌وه‌ى توندى به‌دواوه ده‌بێت".
فه‌تاحى ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "نزیكه‌ى پێنج هه‌زار خێزانی رۆژهه‌ڵات داهاتیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رزه لاوهكییانهیه و كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كانیش دوای فشاری زۆری ناوخۆیی كوردانی رۆژهه‌ڵات بوو له پێناو ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى كاردا".
هاوكات زانا ره‌حمان، قایمقامی شارۆكه‌ى پێنجوێن بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، وه‌ك ناوچه‌ى پێنجوێن به‌هۆی بوونی رووبه‌رێكی به‌رفراوانی سنووری له‌گه‌ڵ شاره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، له‌رووی بازرگانییه‌وه توانراوه هه‌لێكی زۆری كار بۆ گه‌نجان و كاسبكاران بڕه‌خسێت. به‌تایبه‌تى له هه‌ردوو مه‌رزی لاوه‌كى هه‌ڵاڵاوا و توتمان كه زۆر فره‌وانن و زۆرترین خه‌ڵك سوودیان لێ وه‌رگرتوون.
ئه‌و ده‌ڵێ، "له‌و دوو مه‌رزه‌وه، نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌سى باشوورى كوردستان كار ده‌كه‌ن و داهاتی رۆژانه‌ی هه‌ردوو مه‌رزه‌كه‌ش نزیكه‌ی 30 ملیۆن دینار ده‌بێت".
له سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه هاوسنوورى وڵاتى ئێرانه و زیاتر له 150 كیلۆمه‌تر مه‌تر دووجا سنوورى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه، جگه له مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تیى باشماخ كه پێشتر مه‌رزێكى لاوه‌كى بووه، له ساڵی 2007 بووه‌ته نێوده‌وڵه‌تى له نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران، له ئێسته‌دا چه‌ند مه‌رزێكى لاوه‌كى هه‌یه، له‌وانه هه‌ڵاڵاوا، توتمان، سه‌یرانبه‌ن، سیاگوێز، بناوه‌سووته، هۆشیارى، گۆخڵان، كانى هه‌رمێ كه ئه‌مانه زۆربه‌یان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، به‌پاساوى پاراستنى سنووره‌كانى داخراون و به‌رێككه‌وتنى هه‌ردوو قایمقامیه‌تى شارۆكه‌كانى پێنجوێن و مه‌ریوان، رێگه به‌كردنه‌وه‌ى رۆژانه‌ى هه‌ردوو مه‌رزى لاوه‌كى هه‌ڵاڵاوا – توتمان دراوه.
رێبین پێنجوێنى