هیوا دزه‌یى ئه‌ندامى داواكارى گشتى له هه‌رێمى كوردستان راى ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و دۆسیانه‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ى داواكارى گشتیى كراون، زیاتر كه‌یسى موڵكى گشتى و زه‌ویوزارن. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا روونى ده‌كاته‌وه، له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى و سه‌رپێچی یاسا كه‌یسى گه‌وره و بچووك هه‌یه و كارى رژدیان له‌سه‌ر كردوون.
ئێسته پرۆسه‌یه‌كى چاكسازى له كوردستاندا هه‌یه، رۆڵى ئێوه له مافى گشتى له داواكارى گشتیى هه‌رێمى كوردستان چییه؟
ئێمه وه‌ك داواكاری گشتیی هه‌رێمى كوردستان كاری خۆمان به‌پێى یاسا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌پێى یاسا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك به‌رپرسیارین، زۆربه‌ى ئه‌ركه‌كانى داواكارى گشتى له چوارچێوه‌ى ئه‌و پرۆسه چاكسازییه‌ى له هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌باره‌ى به‌فیڕۆدانی موڵك و سامانی گشتی و داكۆكیكردن له مافى گشتى، ئێسته و له ماوه‌ى رابردوویش به‌پێى ئه‌و سكاڵایانه‌ى له ده‌سته‌ى مافى گشتى له داواكارى گشتى هه‌رێمى كوردستان تۆمار كراون، به‌دواداچوونمان كردووه و لێكۆڵینه‌وه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئاستى دادگا.
باس له‌وه ده‌كرێت ژماره‌یه‌كى زۆر له هاووڵاتییان لاى ئێوه سكاڵایان تۆمار كردووه؟
به‌ڵێ، له‌باره‌ى سكاڵای هاووڵاتییان، ئێمه له ده‌سته‌ی مافی گشتی به‌دوو جۆر كار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان ده‌كه‌ین، رێگه‌یه‌كیان ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتییان بۆمان ده‌نێرن و به‌شێكى تر له كاركردنى ئێمه له‌سه‌ر سكاڵاكان پێوه‌ندى به‌و كه‌یسانه‌وه هه‌یه كه له ڕێگه‌ی ئه‌و نووسراوانه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان بۆمان ده‌نێرن، سه‌ره‌ڕای چاودێری رۆژانه‌ى خۆمان كه به‌دواداچوونى به‌رده‌وام بۆ مافى گشتیى هاووڵاتییان ده‌كه‌ین، تا ئێسته سه‌رووى 900 سكاڵا بۆ ده‌سته‌ى مافى گشتى هاتووه، به‌ده‌ر له‌وانه‌ى حكوومه‌ت ناردوونى.
ناوه‌ڕۆكى ئه‌و سكاڵایانه چین به‌تایبه‌ت كاتێك هاووڵاتییه‌كى ئاسایى لاى ئێوه تۆمارى ده‌كات و رێوشوێنه‌كان چین؟
زۆربه‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ى هاووڵاتییان تۆمارى ده‌كه‌ن، داگیركردنى موڵكه‌كانیانه له‌لایه‌ن حزب و حكوومه‌ته‌وه، یان كێشه‌ى زه‌ویوزارى نێوان دوو هاووڵاتى و بنه‌ماڵه‌یه. له‌باره‌ى ئه‌نجامی سكاڵاكان ئێمه دوای ئه‌وه‌ی بۆ دادگاى تایبه‌تمه‌ندى ده‌نێرین كه دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌یه، له‌وێش ئه‌ندامی داواكاری گشتی هه‌یه كاری خۆى ئه‌نجام ده‌دات، ده‌مه‌وێت روونى بكه‌مه‌وه كه ده‌سته‌ى مافى گشتى دواى گه‌یاندنى سكاڵاكه هیچ پێوه‌ندییه‌كى به ئه‌نجامى سكاڵاكه‌وه نییه.
كه‌واته 900 سكاڵاتان له دادگاكان تۆمار كردووه، به‌ڵام ده‌گوترێت ئه‌نجامى به‌شێكى كه‌م له‌وانه گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟
ئه‌وه له سه‌رجه‌مى هه‌رێمى كوردستان بووه و ئێسته چووه‌ته قۆناغى لێكۆڵینه‌وه و له كارى داواكارى گشتى ده‌رچووه.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك كه‌یسى بۆ ئێوه و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ره‌وانه كردووه، ئه‌و كه‌یسانه به‌كوێ گه‌یشتوون؟
به‌پێى كارى ئێمه، ئه‌و كه‌یسانه‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ى داواكارى گشتى كراون، زیاتر كه‌یسى موڵكى گشتى و زه‌ویوزارن، بێگومان سكاڵا و كێشه‌كان له‌وباره‌یه‌وه زۆرن، بۆیه تا قۆناغى لێكۆڵینه‌وه ئاشكراكردنى باش نییه، به‌ڵام ئێمه كارى رژدمان كردووه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆى ره‌وانه كردووین، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى لاى خۆمانه‌وه به‌دواداچوونمان كردووه و دواى دڵنیابوونه‌وه له كه‌یسه‌كه، ره‌وانه‌ى دادگا كراون.
سكاڵاكان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى، لاى كام ده‌زگه‌ى هه‌رێمى كوردستان زیاترن، لاى ئێوه یان ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى؟
له‌به‌ر به‌رفره‌وانی كاری ئێمه كه سه‌رجه‌م كوردستان ده‌گرێته‌وه و گشت ئه‌و كارانه‌ى پێوه‌سته به مافی گشتی، سكاڵاكان لای ئێمه‌یه، بۆیه كارى ئێمه زیاتره و ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى كوردستان ده‌زگه‌یه‌كى نوێیه، به‌ڵام ده‌سته‌ى مافى گشتى له ساڵى 2009ه‌وه دانراوه.
گه‌وره‌ترین سكاڵا له‌باره‌ى گه‌نده‌ڵى چییه و قه‌باره‌كه‌ى چه‌نده كه ئێسته له لێكۆڵینه‌وه‌دا بێت؟
له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى و سه‌رپێچی یاسا كه‌یسى گه‌وره و بچووك هه‌یه، بێگومان به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندى داواكارى گشتى و ده‌سته‌ى مافى گشتى ئه‌و كه‌یسانه‌ى لاى ئێمه‌ن بچووك نین، چونكه كێشه‌ى موڵكى گشتى فره‌وانه و كه‌یسى گه‌وره‌ى تێدایه، هۆى ئاشكرانه‌كردنى ناوه‌ڕۆكى كه‌یسه‌كانیش پێوه‌ندى به قۆناغى لێكۆڵینه‌وه‌وه هه‌یه.
باس له‌وه ده‌كرێت به بڕیارى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ژماره‌یه‌ك به‌رپرس گیراون، به‌ڵام ئێوه چه‌ند ساڵێكه دامه‌زراون، كه‌ستان گرتووه؟
بێگومان گرتنى به‌رپرسان و خه‌ڵكى له‌سه‌ر كه‌یسى گه‌نده‌ڵى پێوه‌ندى به‌دواى قۆناغى لێكۆڵینه‌وه هه‌یه، گرتنى تۆمه‌تباران ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى كوردستان بێت یان داواكارى گشتى، ئه‌وه دادگا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات، له ئه‌نجامدا وه‌زاره‌تى ناوخۆ و پۆلیس وه‌ك لایه‌نى جێبه‌جێكار كاره‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵى له ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان كه‌س به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه گیراون و چه‌ندانى تر چاوه‌ڕوانى بڕیارى دادگا ده‌كه‌ن.
پێت وایه پرۆسه‌ى چاكسازى له كوردستاندا ده‌گاته ئه‌نجام؟
به‌ڵێ، پرۆسه‌ى چاكسازی ده‌ستی پێ كردووه و بۆ به‌ده‌ستهێنانى به‌رهه‌مى ئه‌و چاكسازییه كاتمان پێویسته، چونكه ئه‌نجامدانى پرۆسه‌یه‌كى به‌و شێوه‌یه فره‌وانى چاكسازى له كوردستاندا، به‌كاتێكى خێرا كارێكى ئاسان نییه، به‌ڵام دڵنیاین كه به‌شێوه‌یه‌ك پرۆسه‌ى چاكسازى ده‌ستى پێ كردووه، ئه‌نجامى باشى ده‌بێت.