نهێنیی و توانای یەكێك لە چەكەكانی پەكەكە ئاشكرا دەبێت

:: PM:03:17:20/12/2020 ‌
لە ڕۆژانی ڕابردوو چەكدارانی پەكەكە چەند وێنەیەكی بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاو كردەوە كە بە دووربینی سەر چەكێك گیراوە، چەكی سوپای وڵاتانی دراوسێیە. ئەوەش گومانەكانی سەر ئەو رێكخراوە چەكدارییە قووڵتر دەكاتەوە كە بۆ بەرژەوەندی وڵاتان دژی كورد كار دەكەن و شەڕ بە كوردستان دەفرۆشن. شارەزایەكی سەربازیی شێوازی دەستخستنی ئەو چەكە لە "وشە" ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم  20ـی كانوونی یەكەم، عادل كاكەیی شارەزای سەربازیی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی چەكی جۆراوجۆر لە وڵاتان شتێكی رەوایە و هەر سوپایەكی یاسایی سوود لە تەكنەلۆجیای نوێ وەردەگرێ بۆ پێشخستنی خۆی، بەڵام ئەو چەكە پێشكەوتووانە چۆن دەگاتە دەست گرووپی چەكدار، ئەوە لە سەربازییدا رێوشوێنی خۆی هەیە كە دیارترینیان ئەوەیە سوپای ئەو وڵاتەی چەكەكەی هەیە بۆ بەرژوەندی خۆی دەیداتە گرووپی چەكدار و گرووپەكە دەخاتە خزمەتی ئامانجی وڵاتەكەوە.

ئەم رێككەوتنە هەموو چەكدارەكان نایزانن و تەنیا سەرۆكی گرووپەكە یان فەرماندەی باڵا لەگەڵ هەواڵگری وڵاتەكە دەیزانێ
لەبارەی شێوازی دەستخستنی ئەو چەكانە، كاكەیی روونی كردەوە، دەستخستنی ئەو جۆرە چەكانە كە ناسراون هی چ سوپایەك و كام وڵاتن، بە ڕێككەوتنی نهێنی دەبێت لە نێوان گرووپە چەكدارەكان و هەواڵگری وڵاتەكە، یان بە پارە پێی دەفرۆشن بەو مەرجەی ئامانجەكانی گرووپە چەكدارەكە لەگەڵ وڵاتی خاوەن چەك یەك بگرێتەوە، دواتر شوێنێك دیاری دەكرێت بۆ وەرگرتنی چەكەكە، یان لە خاڵێكی دیاریكراودا پارەكە وەردەگرن و چەكەكە پێشكەش دەكەن، بەڵام ئەم رێككەوتنە هەموو چەكدارەكان نایزانن و تەنیا سەرۆكی گرووپەكە یان فەرماندەی باڵا لەگەڵ هەواڵگری وڵاتەكە دەیزانێ.

پەكەكە كە شوێنی خەباتی باكوری كوردستانە، ئەو چەكانە بە رووی كورددا بەرز دەكاتەوە و بەدیاریكراوی ماوەیەكە گێچەڵ بە هەرێمی كوردستان دەكات و لە ناوچەی ئامێدی و سحێلا شەڕی پێ كردووە و پێشمەرگە شەهید بووە، بەڵام تا ئێستە پێشمەرگە تەنیا بەرگریی كردووە.

شارەزا سەربازییەكە دەڵێ، پێویستە چەكدارانی پەكەكە لە خۆیان بپرسن ئەوان دژی كێ‌ خەبات دەكەن؟ ئایا بە كوشتنی كورد چییان دەست دەكەوێت؟ هەروەها خەباتكردن دژی كورد چیان پێ دەبەخشێ؟ جگە لە زیانگەیاندن بە دۆزی كورد.

ئەو چەكە دووربیندارە پێشكەوتووە تایبەتن بە سوپای توركیا و ئێران، بەڵام چەكدارانی پەكەكە لە هەفتەی ڕابردوو لە سنووری سحێلا لەوكاتەی سنووربەزێنیان كرد و پەلاماری پێشمەرگەیان دا، چەند فۆتۆیەكی بارەگاكنی پێشمەرگەیان بڵاو كردەوە كە بەو چەكانە گیراون و لە توانای ئەو دووربینانەدان كە بەسەر چەكەكەوەیە تۆماریان بكات. 

پەكەكە رێكخراوێكی چەكدارییە كۆتایی حەفتاكان لە توركیا دامەزرا، بەڵام چەند ساڵێكە وازی لە توركیا هێناوە و شەڕ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشێ.



وشە - رامیار جەواد