بەغدا بەنهێنی دەیان تریلیۆن دیناری بۆ مووچە چاپ كردووە

:: PM:08:04:20/12/2020 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق بە دەیان تریلیۆن دیناریان چاپكردووە بۆ ئەوەی بیدەن بە مووچە.

حكوومەتی عێراق  كە ئێستە رووبەڕووی دۆخێكی خراپی دارایی بووەتەوە و دەیان تریلیۆن دۆلاری قەرزكردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی كانوونی یەكەم، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی هەیە بەغدا لە دۆخێكی خراپی داراییدایە، بۆ پێدانی مووچە و دەستەبەركردنی مووچەی فەرمانبەران پەنای بۆ قەرزبردووە و پەرلەمانیش رەزامەندی لەسەر داوە.

به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدات، به‌ شێوه‌ى نهێنى ده‌یان تریلیۆن دینارى چاپ كردووه‌

روونیشی كردەوە كە بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران بدات، بە شێوەی نهێنی دەیان تریلیۆن دیناری چاپ كردووە، ئەمەیش كاریگەری دەبێت لەسەر بەهای دینار، كاتێك هاووڵاتییان دۆلار بكشێنەوە و دینار بمێنێتەوە بە تەنیا ئەوكات كێشە دروست دەبێت.

هەروەها گوتی، لە حاڵەتێكی تریشدا ئەگەر عێراق زۆر دینار چاپ بكات بە دڵنیاییەوە گرفت دروست دەكات، "ئەمە سیاسەتی بانكی ناوەندییە و پێوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، ئەو بڕە زۆرەش كە چاپی كردووە بۆ مووچەی ساڵی 2021 دەبێت".

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان