به گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق پێویسته بودجه و پاره‌ی ته‌واوی پشكی خۆی بۆ ڕه‌وانه بكرێت، به‌ڵام له 2014ه‌وه ئه‌و بابه‌ته به ته‌واوی په‌راوێزخراوه له‌لایه‌ن به‌غداوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان جاریش ڕێككه‌وتن له نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان واژوو كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كانی عه‌بدولمه‌هدی و كازمیش لاریان نه‌بووه و نییه له ناردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه ڕه‌وانه ناكرێ و به به‌رده‌وامیش گرفت و كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرێ، كه‌واته نهێنییه ڕاسته‌قینه‌كه چییه و كێ به‌رپرسه له‌م تاوانه كه به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت.
ڕۆژنامه‌ی "جۆرشه‌لیم پۆست"ی ئیسرائیلی له‌وباره‌وه بابه‌تێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و په‌رده له‌سه‌ر ڕاستییه شاراوه‌كه هه‌ڵده‌داته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، پرسی ناردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وا له خه‌ڵكی هه‌ردوولا گه‌یه‌نراوه، كه گرفتێكی ئابوورییه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان داهات ڕاده‌ستی به‌غدا ناكات، بۆیه حكوومه‌تی فیدرالی بودجه ڕه‌وانه ناكات، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وه ورده‌كاری گرفته‌كه نییه و بابه‌ته‌كه هیچ پێوه‌ندی به داهات و پابه‌ندبوونی هه‌رێم به ڕێككه‌وتنه‌كانه‌وه نییه، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر ڕژده له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه به‌غدایه بێ خاوه‌ن ماوه‌ته‌وه و هه‌ر ڕۆژه و بڕیارێك ده‌دات.
به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌كه، بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كه بریتییه له كۆماری ئیسلامی ئێران، كه خاوه‌ن و به‌رپرسیاری ده‌وڵه‌تی قووڵه له عێراق و ئه‌وان نایانه‌وێ پاره بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه بكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی به‌غدایش ڕه‌زامه‌ندن و لارییان له ڕه‌وانه‌كردنی بودجه نییه.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئێران بۆچی ده‌یه‌وێ سزای هه‌رێمی كوردستان بدات؟ وه‌ڵامه‌كه‌یش ڕوونه و پێوه‌سته به شكاندنی ئیراده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، چونكه له دوای 2003 هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك به‌سڕه و به‌غدا نه‌كه‌وتووه‌ته ژێر هه‌ژموونی ئێران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاران به به‌رده‌وامی فشاری له‌سه‌ر هه‌ولێر دروست كردووه و سلێمانی له دژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌جووڵێنێت، به‌ڵام تا ئێسته به‌و ئامانجه‌ی نه‌گه‌یشتووه.
ئێران فشاری له‌سه‌ر به‌غدا كردووه پاره ڕه‌وانه نه‌كرێت
هه‌رێمی كوردستان ئێسته بووه‌ته پایته‌ختی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و واشنتن له داهاتوویه‌كی نزیك گه‌وره‌ترین كونسوڵخانه‌ی خۆی له دنیا له هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌كات و زۆربه‌ی دیپلۆماتكارهكانیشی له به‌غداوه بۆ هه‌ولێر گواستووه‌ته‌وه، له پاش هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و ڕووخاندنی به‌عس تا ئێسته‌یش كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له هه‌رێمی كوردستانن، هیچ سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانان به وردی نه‌كراوه‌ته ئامانج، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌غدا و به‌سڕه و شاره‌كانی تری عێراق ڕوو ده‌دات.
به دڵنیاییه‌وه‌یش ئه‌مه ڕوونه هه‌ر شوێنێك ده‌ستی ئێرانی تێدا باڵاده‌ست نه‌بێت، ئه‌وا ئاژاوه و گرفتی لێ دروست نابێت، ئه‌مه پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته، هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی تیرۆر و دواتریش ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام تا ئێسته ئارامی و ئاسایش له هه‌رێمه‌كه جێگیره و به ئارامترین ناوچه‌ی عێراق داده‌نرێ، كه بووه‌ته جێی هیوا و ئومێدی وڵاتانی هاوپه‌یمانان به گشتی و ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تی، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك مایه‌ی قبووڵكردن نییه.
له‌به‌ر ئه‌وه له‌لایه‌كه‌وه له ڕێی میلیشیاكان و حزبه‌كانی له عێراق به هه‌ڕه‌شه‌كردن له متمانه‌وه‌رگرتنه‌وه له كازمی و حكوومه‌ت به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕن، له‌لایه‌كی تره‌وه خه‌ڵك له دژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هان ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێ به‌م فشارانه ئیراده‌ی هه‌رێمی كوردستان بشكێنن و بیخه‌نه سه‌ر ئه‌ژنۆ به‌رانبه‌ر به تاران و سیاسه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه.
به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان تا ئێسته نه‌چووه‌ته ژێر ئه‌وباره‌وه و بگره به به‌رده‌وامی بێلایه‌نی و هاوسه‌نگی خۆی له ململانێی سه‌ربازی و دیپلۆماسی پاراستووه، نه به فشاری ئێران ده‌یه‌وێ په‌لاماری ئه‌مه‌ریكییه‌كان بدات، نه به فشاری ئه‌مه‌ریكایش گه‌مارۆی خستووه‌ته سه‌ر تارانه‌وه، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ئه‌و بابه‌ته‌ی قبووڵ نییه و ده‌یه‌وێ هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له عێراق له واشنتن دوور بكه‌وێته‌وه و بچێته ڕیزی ئێرانییه‌كانه‌وه، دژی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به ته‌واوی ڕه‌تكراوه‌یه.
به دروستكردنی خۆپێشاندان له كوردستان و ڕه‌وانه‌نه‌كردنی پاره له‌لایه‌ن به‌غداوه، تاران ده‌یه‌وێ ئیراده‌ی بێلایه‌نی هه‌رێمی كوردستان بشكێنێت
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، له دوای 2003ه‌وه ئێران له ڕێی فشاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه نه‌یتوانی و شكستی هێنا له شكاندنی ئیراده‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه له 2014ه‌وه سیاسه‌تی خۆی گۆڕیوه و ده‌یه‌وێ له ناوخۆی عێراقه‌وه به كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا دژی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو بنێ و ناچاری بكات ببێت به به‌شێك له پیلانی ئێران له ناوچه‌كه و هاوشێوه‌ی میلیشیاكان له پێناوی ئێران دژی ئه‌مه‌ریكا بجه‌نگن، تا ئێسته پیلانی دووه‌م سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵام زۆرترین زیانی به هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه، تاران له ڕێی لایه‌نگر و به‌كرێگیراوانی له به‌غدا و په‌رله‌مانی عێراق دژی كوردستان هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌گرنه‌به‌ر، جیا له‌وه‌یش ماوه ماوه له ڕێی وروژاندنی شه‌قام و ڕای گشتی سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئامراز و چه‌كێكی سیاسی دژ به حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كه، تا ناچار بێ ڕازی ببێ هاوشێوه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاست هه‌رێمی كوردستانیش ببێت به به‌شێك له ناوچه‌ی ژێر هه‌ژموونی تاران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، پێویسته ئه‌مه‌ریكایش به ڕوونی له‌و هاوكێشه‌یه تێ بگات و كۆمه‌كی زۆری هه‌رێمی كوردستان بكات.