له‌میانه‌ی دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه"دا، دانا شه‌هید جه‌زا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات كه لێكتێگه‌یشتن له نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ پرسی بودجه هه‌یه و دوای په‌سه‌ندكردنی له په‌رله‌مان ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرێ. ئه‌و ده‌ڵێ، ئه‌و شانده كوردییه‌ی له به‌غدان هیچ هۆكار و بیانوویه‌كیان بۆ حكوومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها دووپات ده‌كاته‌وه كه كوردستان خۆی بۆ بودجه راده‌ستی عێراق ناكات.
تا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێ ناتوانین بڵێین ڕێككه‌وتن كراوه
•خۆتان ئاگه‌دارن كه بودجه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق په‌سه‌ند كرا، دوێنی كازمی گوتی كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێك ده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه دوو هه‌فته‌یه شاندی هه‌رێم به به‌غدایه و پرسیار ئه‌وه‌یه كازمی له‌گه‌ڵ كێ ڕێك ده‌كه‌وێ؟
مه‌به‌ستی كازمی ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ ده‌گه‌ینه ڕێككه‌وتن، بۆ دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراقه، چونكه تا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رنه‌چێت ئه‌و بودجه هه‌ر پڕۆژه‌یه و یاسا نییه، به‌ڵام هه‌ركاتێك بوو به یاسا، ئه‌وا ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كرێ و یاساكه‌یش جێبه‌جێ ده‌كرێ، ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه ته‌نیا تێكگهیشتنه و هه‌نگاوی ئه‌رێنی بۆ پێش ڕێككه‌وتن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنێك پێش په‌سه‌ندكردنی بودجه بكرێ، ئه‌وه ناكرێ تا بودجه په‌سه‌ند ده‌كرێ، دواتر هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌سه‌ر بڕی نه‌وت و پاره و جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه رێك ده‌كه‌ون.
•واتا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه ده‌كه‌وێته دوای په‌سه‌ندكردنی له په‌رله‌مان یان پێش په‌سه‌ندكردنی؟
بێگومان پێش ئه‌وه‌ی بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێ، پێویسته تێگه‌یشتن هه‌بێ له‌سه‌ر بڕگه و ماده‌كانی، ئێسته ئه‌و تێگه‌یشتنه له نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه، له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مان بڕگه‌یه‌كی لێ ئاڵوگۆڕ كرا یان ده‌ستكاری كرا، ئه‌وه هه‌ردوو حكوومه‌ت دێنه سه‌ر هێڵ و چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن، ئینجا په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌دات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڕگه‌یه‌كی ناو بودجه له دژی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق گۆڕا، ئه‌وه ئه‌وكاته هه‌ردوو حكوومه‌ت ده‌ست به گفتوگۆ ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه و ڕێككه‌وتنێكی نوێ ده‌كرێ. بۆیه ئه‌و قسه‌یه گشتگیره و تا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێ ناتوانین بڵێین ڕێككه‌وتن كراوه.
•به‌ڵام ئه‌زموونی خراپ له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه له بابه‌تی جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسای بودجه و ڕێككه‌وتنه‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌ستووریش، ئێسته مه‌ترسییه‌كی تر هه‌یه كه ڕه‌نگه ته‌مه‌نی ئه‌و كابینه‌یه‌ی كازمی كورت بێ، كه‌واته چۆن دڵنیایی هه‌یه كه دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێ؟
بابه‌تی رێككه‌وتن له نێوان هه‌رێم و به‌غدا پێوه‌ندی به هه‌ردوو حكوومه‌ته‌وه هه‌یه به‌تایبه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به چ میكانیزمێك ڕێك ده‌كه‌وێ، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ حكوومه‌ته‌كانی تری عێراق به‌بێ هیچ بیانوویه‌ك پشكی كوردستانیان ده‌بڕی و مووچه‌یان نه‌ده‌دا، ئێسته بودجه پرسێكی یاساییه و نابێ بشكێنرێ و ئه‌وه‌ی ئێسته دێته په‌رله‌مان و تێگه‌یشتن له‌سه‌ری هه‌یه، ئه‌وه خۆی به‌شێكه له گره‌نتی، یه‌كێك له هه‌نگاوه گرنگه‌كانی هه‌رێم ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌وڵ بده‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن به لایه‌نی سێیه‌م بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م چاودێری بكه‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن سته‌م له كورد بكرێ.
ئه‌و شانده كوردییه‌ی له به‌غدان هیچ هۆكار و بیانوویه‌كیان بۆ حكوومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه
•ئه‌و شانده‌ی كورد كه ئێسته له به‌غدان هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییان ناوه؟
ئه‌و شانده كوردییه‌ی له به‌غدان هیچ هۆكار و بیانوویه‌كیان بۆ حكوومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه، ته‌واوی داواكارییه‌كانی حكوومه‌تی عێراقیان جێبه‌جێ كردووه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و پرسی داهاتی سنووری و نه‌وتییه‌كانیش، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێم رازی بووه به پێداچوونه‌وه به حیساباته‌كان له 2004 تا 2020، بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌رجی سیاسیی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدای ڕاگرتووه.
•ئه‌و مه‌رجه سیاسییه چییه كه به‌غدا ده‌یه‌وێ بیسه‌پێنێ، به‌و واتایه‌یه كه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه؟
مه‌رجه سیاسییه‌كان وه‌ك بیانوو وایه، به‌ڵام بێگومان لایه‌ن هه‌یه كه ده‌یه‌وێ قه‌واره‌ی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و پێیان خۆش نییه كه ته‌نانه‌ت یه‌كگرتووی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌بێت، هه‌وڵه‌كان بۆ تێكدانی قه‌واره‌ی كوردستان ته‌نیا له ناوه‌وه‌ی عێراق نییه، به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش ئه‌و خواسته زۆره و ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ لاواز بین و ململانێی ناوخۆیمان بۆ دروست بكه‌ن.
نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه كوردستان هیچی نه‌بێت و مایه‌پووچ ده‌ربچین
•ده‌كرێ ئه‌و خه‌باته‌ی چه‌ند ساڵه ده‌كرێ هه‌مووی له پێناو بودجه راده‌ستی عێراق بكرێ كه خۆی له لێواری رووخان و شكسته به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه؟
هه‌رگیز ناگاته ئه‌وه‌ی كوردستان له‌پێناو بودجه راده‌ستی به‌غدا بكه‌ین و هه‌ڵیبوه‌شێنینه‌وه، نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه كوردستان هیچی نه‌بێت و مایه‌پووچ ده‌ربچین، راسته كوردستان له ته‌نگژه‌ی سه‌ختی ئابوورییه، به‌ڵام ئێسته حكوومه‌ت خۆی له چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك سێكته‌ره كه له داهاتوو سوودی لێ وه‌رده‌گرێ، ئێسته‌یش ئه‌گه‌ر بتوانین یه‌كگرتوو بین و چاكسازییه‌كی ناوخۆی باش بكه‌ین به كۆنترۆڵكردنی داهاته‌كانه‌وه، ئه‌وا ده‌توانین هه‌نگاو باش بۆ پێشه‌وه بڕۆین، به‌ڵام هه‌رگیز ناگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی كه هه‌موو شت له پێناو بودجه بدۆڕێنین.
•دوا پرسیار له‌سه‌ر بابه‌تی دۆلار ده‌كه‌م، رێسواكردنی دینار به ده‌ستی خودی عێراق خۆیه‌وه چۆن ده‌بینی؟
چین به هه‌موو هێزی هه‌وڵ ده‌دات پاره‌ی ئه‌مه‌ریكی به‌رز بكاته‌وه و ئه‌مه‌ریكاش به هه‌موو هێزیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات پاره‌ی چینی به‌رز بكاته‌وه، ئه‌وه شتێكی ئابوورییه چونكه چین وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ره، به‌ڵام ئه‌وه به‌سه‌ر عێراقدا ناسه‌پێ چونكه عێراق وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه و هه‌موو كه‌لوپه‌لێكی هاورده ده‌كرێ، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی به‌په‌له بوو و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ نه‌كرابوو، به‌ڵكو پێویست بوو له رێژه‌ی ئه‌و بڕیاره بدرێ و له هه‌موو وڵاتێكدا ئه‌و بڕیارانه دوا هه‌نگاو ده‌بن.