نەخۆشییەكى ترسناك له‌ كوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه‌.. پزیشكێك هۆشداری دەدات

:: PM:12:28:25/12/2020 ‌
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لە چەند ناوچەیەكی عێراق نەخۆشییەكی پێست بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە كەسی توشبوو تووشی خورانی پێست و گۆڕینی ڕەنگی پێست دەبێت، پزیشكێكی پسپۆڕ لە پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدات و داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاگاداربن.

كتۆر كۆچەر عومەر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و تازە لە دایكبووان، لە پپێگه‌ى تایبەتی خۆی لە تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فەیسبووك ڕاى گه‌یاندووه‌، "ماوەیەکە لە دەڤەری پیرەمەگروون و شارۆكه‌ی دووکان و دەڤەری ڕاپەرین و تەنانەت سنوورە نزیکەکەکانی شاری سلێمانیش تێبینیمان کردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو نەخۆشی گەڕیی (scabies) بڵاوبووەتەوە".

زیاتر هاتووه‌، "دیارترین نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە بریتییە لە خورانێکی بەردەوام و بێزارکەری هەموو گیان و پەڵەی قاوەیی لەسەر جەستە، نەخۆشییەكە زۆر بە خێرایی و بەئاسانی بڵاو دەبێتەوە."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "تکایە لە کاتی بوونی خورانی زۆردا بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن، داوایش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ده‌كه‌م، بەدواداچوونی ڕژد بکەن لەوبارەیەوە."

بەپێی ئاماری پزیشكی مێدسكەیپ، ساڵانە 300 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی گەڕی دەبن، بەڵام بەربڵاوییەكەی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت و بە زۆری لە شوێنە قەرەباڵغ و ناخاوێنەكاندا بڵاوترە و لە وڵاتانی پێشكەوتوودا تەنیا لە بەندیخانە و شوێنە قەرەباڵغە نا تەندروستەكاندا تێبینی دەكرێت.

گه‌ڕی نەخۆشییەكی پێستی گوازراوەیە بەهۆی mycobacterium -lepraeپەیدا دەبێت. نەخۆشی گەڕیی لەهەموو جیهان و لەهەموو تەمەنێكدا ئه‌گه‌ری توشبوون هه‌یه‌ پێی، ئەم نەخۆشییە تووشی مرۆڤ و ئاژەڵ دەبێت و بەیەکێک لە نەخۆشییە ھاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ وئاژەڵان دادەنرێت، بەھەمان شێوە لە ئاژەڵێکی توش بوو بۆ ئاژەڵێکی تر زۆر بەئاسانی دەگوازرێتەوە، ھەروەھا لە مرۆڤیشدا لەیەکێکی تووش بوو بەئاسانی دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە بۆیەکێکی تر. هۆكاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ مشەخۆرێکی زۆر بچووکە کە کەمترە لە (1mm) (0.04 inch)ە کە ئەمەیش وایکردووە بە چاو نەبینرێت و لەڕێی مایکرۆسکۆپەوە ببینرێت. ئەم مشەخۆرە پێست ھەڵدەکۆڵێت و تونێلی باریك و ناڕێك دروست دەكات كە لەكۆتاییەكەییدا دەبێتە بڵقی بچووك دواتر قەتماغە دەگرێت، مێینەی ئەم مشەخۆرە لەناو تونێلەكانی پێستدا گەرا دادەنێت كە پاش ماوەیەك دەبنە مشەخۆری هەراش و تەواو.




وشە - محەمەد میران