ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم بزانێت به‌غدا ئاماده‌ی رێككه‌وتن نییه، با خۆی داهاته‌كانی كۆ بكاته‌وه و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا مووچه بدات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 27ـی كانوونی یه‌كه‌م، جه‌مال شكور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر پرسی نه‌وت شه‌فافی هه‌بێت و رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2021 بكه‌ن.
زیاتر گوتی، به‌غدا وه‌ك حكوومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه رایان باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانن له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی رێك كه‌وتن.
ئه‌وه‌شی گوت، هه‌رێمی كوردستان 28 ساڵه خاوه‌نی قه‌واره‌یه، له به‌رانبه‌ر رێكنه‌كه‌وتنی به‌غدا له‌باره‌ی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێم، حكوومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ و گومرگ و كۆمه‌ڵێك داهاتی تره، ئه‌گه‌ر ده‌زانێت به داهاته‌كان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی پێ ده‌درێت، با گرنگی به به‌غدا نه‌دات.
زیاتر گوتی، له حاڵه‌تی ه‌اتنی پڕۆژه‌كه بۆ ناو په‌رله‌مان و بڕگه‌ی تایبه‌ت به بودجه‌ی هه‌رێم و مه‌رجه‌كان له‌سه‌ر هه‌ردوولا، یه‌كده‌نگی كورد و فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕیاردان و رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا كه هه‌رێم بیه‌وێت به مه‌رجه‌كانی به‌غدا ڕازی بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی