لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە سێ شەپۆلی باران روو لە كوردستان دەكەن

:: PM:04:21:05/01/2021 ‌
بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی لە هەرێمی كوردستان، لای هاووڵاتییان و جووتیاران نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام كەشناسی هەرێمی كوردستان هەواڵی خۆشی لایە و دەڵێ لە ناوەڕاستی مانگەوە باران دەست پێ دەكاتەوە.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گەشبینی خۆی لەوە دەربڕی ئەو كەشوهەوایەی سەرەتای زستان هەر بەم شێوەیە نابێت، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە چەند شەپۆلێكی باران و بەفر روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەو روونی كردەوە هاتنی بەرزە پاڵەپەستۆ لە ماوەی رابردوودا هۆكار بوو بۆ ئەوەی پلەكانی گەرمی نزم ببنەوە و ئاستی شێ دابەزێت، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە هاتنی پاڵەپەستۆی نزمە كە دەبێتە هۆی زیادكردنی شێ و پاشەكشەكردن بەم پاڵەپەستۆ بەرزەی كەشوهەوا و دواجار بارانی بەدواوە دەبێت.

بارانبارین بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمێك دواكەوتووە و ئەمەش جێی نیگەرانی نییە
فازڵ ئیبراهیم دەڵێ، ئەمساڵ بارانبارین بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمێك دواكەوتووە و ئەمەش جێی نیگەرانی نییە و هێشتا وەرزی باران زۆری ماوە.

بە بۆچوونی ئەو بەرپرسەی كەشناسی، زۆر زووە لە ئێستەوە باس لە وشكەساڵی بكرێت، چونكە هێشتا وەرزی بارانبارین زۆری ماوە و 30%ی دابارینی كوردستان لە وەرزی بەهارە، لە مانگەكانی شوبات و ئاداریشدا نزمەپاڵەپەستۆی زیاتر روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.


وشە - سلێمان تاشان