وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی بەهای دۆلارى ئهمهریكى بەرانبەر بە دینارى عێراقى ڕاگەیەندراوێکی گرنگى بڵاو كردهوه و ئاشكراى كردووه، كهوا بەرنامەیەک بۆ زیادکردنی سوود و قازانجەکان لە ڕێکارەکانی زیادکردنی بەهای دۆلاری ئەمهریکی بەرانبەر دیناری عێراقى ڕادەگەیەنێت.
ئهمڕۆ ههینى ههشتى كانوونى دووهم، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاى گهیاندووه، "وەزارەتی دارایی بە تەواوی ئاگاداری ئەوەیە کە ژمارەیەک ڕێکاری پشتیوانی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی هەمواری ڕێژەی ئاڵوگۆڕ زیاد بکرێت، وەزارەتی دارایی لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیتوانیوە بە ئاشکرا ئەو کارە بکات و لەبەرئەوە دەبێت سەرەتا بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت".
زیاتر هاتووه، وەزارەتی دارایی لەم چەند هەفتەیەی دواییدا گفتوگۆی فراوانی لەگەڵ زۆرێک لە حزبەکانی بەشدار لە حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت کردووە تایبەت دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمهریکی.
ڕوونكراوهتهوه، ئەو کۆبوونەوانە هەفتەی داهاتوو بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی درێژکراوەی پێشنیازکراو لەگەڵ شارەزایانی ئابووری سەرەکی کەرتی گشتی و تایبەت بەردەوام دەبێت، وەزارەتی دارایی بەرنامەى سیاسەتی وردی خۆی بۆ زیادکردنی سوودەکانی هەمواری ڕێژەی ئاڵوگۆڕ دانراوە و پەرەیپێدهدات.
ئاماژه كراوه، وەزارەتی دارایی هیوای وایە، ئەو ڕێوشوێنانە هاوکات بێت لەگەڵ گفتوگۆکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر بودجە کە بڕیارە سبەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەکە بکات.
دوای ئەوەی بڕیاردرا دانیشتنەکانی پەرلەمانى عێراق بۆ ماوەی مانگێک درێژبکرێنەوە، بڕیاره سبهى شەموو نۆى كانوونى دووهم سهعات پێنجى ئێواره، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆ ببێتەوە.