كۆرۆنا.. دۆزینەوەی رێگایەك بۆ ئاشكراكردنی تووشبووی بێ نیشانە

:: PM:06:14:10/01/2021 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ساڵێكی تێپەڕ كرد و ژمارەی تووشبووان 90 ملیۆن و مردووانیش ملیۆنێك و 937 هەزار حاڵەتیان تێپەڕ كردووە، هاوكات دوای دۆزینەوەی ڤاكسین، بازدان لە ڤایرۆسەكە رووی داوە و سێ تیرەی نوێ سەری هەڵداوە، لە بەریتانیا كە ئێستە لە نەهامەتییەكەی گەورەدایە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە، رێگایەك پێڕەو دەكرێ بۆ ئاشكراكردنی حاڵەتە شاراوەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا.
یەك لەسەر سێی حاڵەتەكانی تووشبون بێ نیشانەن
بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئەمڕۆ یەكشەم بڵاو كرایەوە، ئەم هەفتەیە لەندەن دەست بە بەكارهێنانی تەكنیكێك دەكات بۆ ئاشكراكردنی خێرای تووشبووانی كۆرۆنا، كە نیشانەیان لەسەر دەرناكەوێت، ئەو پشكنینە كە ئەنجامەكەی لە 20-30 خولەك دەردەكەوێت، یارمەتی دیاریكردنی حاڵەتەكانی تووشبوونی نادیار دەدات.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، مەبەست لەو پشكنینە دەستنیشانكردنی دەیان هەزار حاڵەتی تووشبوونە كە ئەوان بێ بوونی مەبەست بڵاوی دەكەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵەكانیان كار دەكەن، لەوكاتەی بەپێی ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی بەریتانیا یەكێك لە سێ حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا نیشانەی لەسەر دەرناكەوێت.

ئەو پشكنینە خێرایە بە وەرگرتنی نموونەیەك لە شلەی لووت یان قورگ و خستنی بۆ ناو تیوبێكی تاقیگەوە دەبێت، لەوێ بوونی ڤایرۆسەكە ئاشكرا دەكرێت، لەوكاتەی حكوومەتی بەریتانیا بازنەی پشكنینەكانی فرەوانتر كردووە بۆ دابڕینی ئەوانەی تووشبوونە و رێگرتن لە بڵاوكردنەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل