وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند، ته‌نیا له یه‌ك چاكسازى حه‌وت ملیار دیناریان بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
له راگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هاتووه، له چوارچێوه‌ی چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرفتی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌نده‌رینگ و بانگه‌واز بۆ ''10'' پرۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك و گواستنه‌وه و خاوێنكردنه‌وه له هه‌ولێر ئه‌نجام درا و له ئه‌نجامدا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ناوخۆ كرا.
شاره‌وانى باسى له‌وه كردووه كه به‌پێی گرێبه‌سته نوێیه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی خاوێنكردنه‌وه، ساڵانه بڕی حه‌وت ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و كوالێتی پرۆسه‌ی خاوێنكردنه‌وه‌ش به‌رز كراوه‌ته‌وه و چه‌ند زۆنێكیش زیاد كراون.
به‌پێی گرێبه‌سته نوێیه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی خاوێنكردنه‌وه، ساڵانه بڕی حه‌وت ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه
هه‌روه‌ها روونكراوه‌ته‌وه كه شه‌ش پڕۆژه له گرێبه‌سته نوێیه‌كانی خاوێنكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێرن و هه‌ر شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ناو شار ده‌گرێته‌وه. چوار گرێبه‌سته‌كه‌ی تریشیان له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێرن و به‌سه‌ر زۆنه‌كانی: ''بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، داره‌توو، عه‌نكاوه، به‌حركه، شاوێس، پیرزین، سێبه‌ردان، كانی قڕژاڵه، شه‌قڵاوه، هه‌ریر، باسرمه، بالیسان ،كۆڕێ و هیران'' دابه‌شكراون.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاردا ڕایان گه‌یاندووه، له گرێبه‌سته نوێیه‌كاندا، جگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی حه‌وت ملیار دینار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت، له رووی هونه‌ریشه‌وه، چه‌ندان زۆنی خاوێنكردنه‌وه زیادكراون و سیسته‌می (GPS)یش بۆ چاودێریكردنی ڕێڕه‌وی كاركردنی ئامێره‌كان داده‌نرێت و كوالێتی پرۆسه‌كه‌ش به گشتی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.
پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك پرۆسه‌یه‌كی ڕۆژانه‌یه و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له ڕێگه‌ی پێداچوونه‌وه به گرێبه‌سته كۆنه‌كان، چاكسازی له‌و پرۆسه‌دا ده‌كات به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت و له به‌رانبه‌ریشدا زۆنه‌كانی خاوێنكردنه‌وه زیاد ده‌كات و كوالێتی به‌ڕێوه‌چوونی كاری كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك به‌رز ده‌كاته‌وه.