بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت

:: AM:11:27:12/01/2021 ‌
بەڵێندەرێكی گواستنەوەی خۆراك ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن عێراقەوە ئەمڕۆ بەفەرمی ئاگەدار كراینەوە كە كۆگای نوێ‌ ئامادە بكەین بۆ خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی كانوونی دووەم، ڕێدار هەمزە بەڵێندەری گواستنەوەی خۆراك لە عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ بە فەرمی ئاگەدار كراینەوە كە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان گۆڕانكاری بەسەر هاتووە.

زیاتر گوتی، پێشتر چوار جۆر كۆگامان هەبوو بۆ گواستنەوە و باركردن، ئێستە بەپێی ڕێنوێنییە نوێیەكان ئاگەدار كراوینەتەوە، دەبێت نۆ جۆر كۆگامان هەبێت و هەر بەڵێندەرێك كە داواكاری پێشكەش دەكات، مەرجی كۆگای بەسەردا دەچەسپێت.

بەپێی ڕێنوێنییەكان مانەوەی خۆراكی هاووڵاتییان لەلای بریكارەكانیش گۆڕانكاری تێدا دەكرێت
باسی لەوەش كرد، گۆڕانكاری لە خۆراكی مانگانە كراوە، بۆیە كۆگاكان بە ئێمە زیاد كراون، هەروەها بەپێی ڕێنوێنییەكان مانەوەی خۆراكی هاووڵاتییان لەلای بریكارەكانیش گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، بەڵام گۆڕانكارییەكان دیاری نەكراوە.

ڕۆژی 22ـی كانوونی یەكەم، وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕای گەیاند، گۆڕانكاری لە بەشە خۆراكی مانگانە دەكرێت و چاوەڕوانی پەسەندكردنی بودجە دەكرێت تا دەست بكرێت بە كڕینی ئەو بەشە خۆراكانەی پێویستە.

ئێستە مانگانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تەنیا ڕۆن و برنج و شەكر و ئارد دابەش دەكرێت كە بەشێكی كوالێتی زۆر نزمە و گلەیی هاووڵاتییان هەیە لە بەشە خۆراكی مانگانە.




وشە - رامیار جەواد