سەرۆكی پۆرتوگال تووشی كۆرۆنا بووە

:: PM:01:53:12/01/2021 ‌
سەرۆكایەتیی پۆرتوگال شەوی رابردوو رای گەیاند، سەرۆكی وڵاتەكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و ئێستە لە قۆناغی كەرەنتیندایە. ئەو لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە خۆی بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئامادە دەكات و سەرۆكیش دووبارە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە.

پێگەی " ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 12ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكایەتیی پۆرتوگال لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، سەرۆك مارسیلۆ رێبیلۆ دی سوزا، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بۆیە تەواوی بەرنامەی بۆ پێشوازی لە شاند و كەسایەتییەكان، هەڵوەشاوەتەوە و ئێستە لە شوێنێ مانەوەی لە باڵەخانەی كۆشكی سەرۆكایەتی لە قۆناغی كەرەنتیندایە و چارەسەر وەردەگرێت.

بەپێی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی بۆرتوگال، بەپێی نیشانەكانی ئەو پەتایە، سەرۆكی ئەو وڵاتە /72 ساڵ/ هیچ نیشانەیەكی لێ دەرنەكەوتووە، بەڵام بەپێی پشكنینەكان، دەبێ ماوەیەك سەرۆك چارەسەر وەربگرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە وڵاتەكە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكات، سەرۆكیش بڕیارە دووبارە خۆی هەڵبژێرێتەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەوە پێگەكە دەڵێ، یەكشەمی رابردوو هەڵمەتی پڕوپاگەندە بۆ كاندیدەكان دەستی پێ كردووە، تا ئێستە حەوت كەس بۆ سەرۆكی پۆرتوگال خۆیان كاندید كردووە، بەڵام هەڵمەتی پڕوپاگەندە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت كە ئەوەیش بەهۆی رێنوێنییەكانی تەندروستییە كە كۆرۆنا ئەو وڵاتەیشی گرتووەتەوە.

وێڕای ئەوەی سەرۆكی پۆرتوگال تەمەنی گەورەیە و هاوكات دووبارە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە، بەڵام گومان نییە كە نەخۆشییەكەی و هاوكات كەرەنتین، كاریگەرییان لەسەر دەبێ بۆ دەرچوون. 




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د