هۆكارەكانی پشتئێشەی ژنی دووگیان و چارەسەركردنی

:: PM:09:41:12/01/2021 ‌

لەشی ژنی دووگیان چەندان گۆڕانكاری بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە ئەو ساتەی تەمەنی ژن نائاساییە و تەواو جیاوازە، پشتئێشەی دووگیان یەكێكە لە ئێشە باوەكان لە ژناندا، كە بەهۆی زیادبوونی كێشی لەش و شێوانی هۆڕمۆن و خاوبوونەوەی ماسولكە و جومگەكانی حەوز دروست دەبێت، چارەسەری چییە؟
كێشی ژنی دووگیان 11 بۆ 16 كیلۆگرام زیاد دەكات
هۆكارەكانی، زیادبوونی كێشی لەش، كە ژنان لەو حاڵەتەدا 11 بۆ 16 كیلۆگرام كێشیان زیاد دەكات، جیا لە پەستانی كۆرپەلە و منداڵدان بۆ سەر لوولەكانی خوێن و هەستە دەمارەكانی حەوز و پشت و گۆڕانی چەقی قورسایی لەش و گۆڕانی هۆڕمۆنی و ترازانی ماسولكەكانی حەوز و پەستانی سەر دەمارەكان.  

چۆن ئازارەكە سووك دەكەیت؟
*وریای شێوازی وەستانت بە، لەكاتی دووگیانیدا چەقی قورساییت بۆ پێشەوە دێت، تۆ بۆ ئەوەی بەرنەبیتەوە خۆت بەلای دواوە دەبەیت، ئەوەیش ئازاری پشت دروست دەكات، بۆیە خۆت راست راگرە و سنگت بەرز بكەوە و حەسانەوە بە شانەكانت بدە، ئەژنۆكانت جووت مەكە و بەوریاییەوە دابنیشە و سەرینێكی بچووك لەپشتت دابنێ.

*پیڵاوی گونجاو لەبەر بكە، واتە ژێرەوەی بەرز نەبێ و فلاتیش نەبێت، بۆ ئەوەی بەرنەبیتەوە.

*شتەكان بەشێوەیەكی دروست بەرز بكەوە، واتە خۆتیان بۆ شۆڕمەكەوە، بەڵكو دابنیشە و شتەكان لەگەڵ خۆت بەرز بكەوە یان داوای یارمەتی كەسانیتر بكە و شتی قورس بەرز مەكەوە.

*لەسەر لاتەنیشت بخەوە، لە نوستن لەسەر پشتت دوور بكەوە، یەكێك لە ئەژنۆكانت یان هەردووكیان بچەمێنەوە و سەرینێك بخە نێوانیان، هەروەها لەژێر سك و دواوەی پشتت. 

*مەساج و گەرمكردنەوەی پشت، مەساجكردن گەرمكردن یان كیسەی بەفر سوودی هەیە بۆ سووككردنی ئازاری پشت.

*جەستەیەكی چالاكت هەبێ و جووڵانەوەیەكی رێكوپێك پشتت بەهێزتر دەكات و ئازاری سووك دەكات، وەك رۆیشتن و راهێنانی ئاوی.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل