سبەی بەفر دەبارێت

:: AM:10:34:13/01/2021 ‌

 

لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سبەی پلەكانی گەرمی ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن و شەپۆلێكی باران و بەفر، هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی كانوونی دووەم، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە نیوەڕۆوە لە زۆربەی ناوچەكانی باران دەبارێت.

پلەكانی گەرمیش لە ڕۆژدا پێنج پلە دادەبەزیت
زیاتر گوتی، بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت و پلەكانی گەرمیش لە ڕۆژدا پێنج پلە دادەبەزیت و لە شەویش گۆڕانكاری لە پلەی گەرما هەیە.

دەستپێكردنەوەی ئەو شەپۆلە بارانبارینە لە كاتێكە ماوەی 38 ڕۆژە هیچ بڕە بارانێك لە هەرێمی كوردستان نەباریوە، پلەكانی گەرما بەرز بووبوونەوە و مەترسی وشكەساڵی دەكرا.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی دەزگا كەشناسییەكانی دنیا، تا كۆتایی ئەو مانگە چەند شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەواری دەریا ناوەڕاست و دەریای سوور، ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار ملم بارانی لێ دەبارێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان.


 



وشە - رامیار جەواد