پارتی لەگەڵ دوو حزبی سیاسی كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:39:13/01/2021 ‌
بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی كوردستان كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی كانوونی دووەم، كەیفی هادی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەكات و كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی، سەردانی حزبی شیوعی كوردستانیش دەكات و لەگەڵ ئەوانیش كۆ دەبێتەوە
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ شاندەكەی پارتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی، سەردانی حزبی شیوعی كوردستانیش دەكات و لەگەڵ ئەوانیش كۆ دەبێتەوە.

دوێنێ‌ كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە كە ناوچەكە بە دۆخێكی نەخوازراودا دەڕوات، سەردانی لایەنەكانمان دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی بزانین چیمان پێ دەكرێت، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەوانەی حكوومەت و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیشن كۆ دەبینەوە و سەرنجی خۆمان دەگۆڕینەوە و پشتگیری زۆرینەی بە دەست دەهێنین.

سبەیش ئەو شاندەی پارتی لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبنەوە و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە چەند كۆبوونەوەیەكی تری نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی حزبە سیاسییەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.





وشە - رامیار جەواد