بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆ ببێتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەوەی قوتابخانەكان، دەبێت چاودێری هەبێت و پابەندبوون بەڕێنوێنییەكان لە قوتابخانەكان جێبەجێ بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی كانوونی دووەم، ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك وەزارەتی تەندروستی پرۆسەی خوێندن بە گرنگ دەزانین، ئەگەر بشكرێتەوە، دەبێت بە ڕێنوێنیی تەواو بێت.
دەبێ بە ڕێنوێنی چڕ و پابەندبوونە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان، ئەگەر دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە پرۆسەكە بەڕێوە بچێت.
زیاتر گوتی، بۆ دۆخی ئێستەی كۆرۆنا ڕاپۆرتێكمان وەك وەزارەتی تەندروستی ئامادە كردووە، لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەیخەینە ڕوو و دۆخەكە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین.
باسی لەوەش كرد، دەبێ بە ڕێنوێنی چڕ و پابەندبوونە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان، ئەگەر دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە پرۆسەكە بەڕێوە بچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەولێر بەسەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دەست پێ دەكات.
لە زانیارییەكاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری تەندروستی و هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان و وەزیری پەروەردەش ئامادە دەبن، بڕیار دەدرێت لەسەر كاتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی 57 ڕۆژە پرۆسەی خوێندن وەستاوە، ئەوەیش بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان.