چوار ملیۆن كوردی ڕەسەن لە میسر هەن

:: AM:10:33:23/02/2017 ‌

لە بەدواچوونێكی باڵوێزی ئاشتی و نیازپاكی و باڵوێزی میسر لە كوردستان، دەردەكەوێت چوار ملیۆن لە دانیشتوانی میسر بە رەچەڵەك كوردن.

كۆڤان عەبدولەتیف، باڵوێزی ئاشتی و نیازپاكی لە دنیا بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ سلێمان عوسمان باڵوێزی میسر لە كوردستان بەدواداچوونێكمان لەبارەی كوردانی میسر كرد و لە رەسەنایەتی و شارستانێتی و مێژوو و ژیان و گوزەرانیانی ئەوانمان كۆڵییەوە، دەركەوت زیاد لە چوار ملیۆن میسڕی بە رەچەڵەك كوردن و بوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوسەری شانشینی فیرعەونەكان "نەفەرتیتی" كە كچێكی شۆخ و شەنگی كورد بووە، دواتر لە سەردەمی سەڵاحەدین ئەیووبی كوردەكان زیاتر لەو وڵاتە دەركەوتن، بێجگە لەو كوردانەی كە لە سەردەمانێكی زوودا بە مەبەستی بازرگانی و كۆچبەری و لێرەو و لەوێ لە وڵاتی میسڕ نیشتەجێ بوون .

زیاتر روونی دەكاتەوە، كۆڵانێك لە میسڕ بەناوی "كوردوفان" وەك ئاماژەیەك بۆ كورد ناو نراوە و هەروەها بەشێك لە زانكۆی ئەزهەر بە "رواق السیادە الاكراد" ناو نراوە و ئەمە جگە لەوە دەنگبێژ و قورئانخوێن "عەبدولباست عەبدولسەمەد" كوردێكی رەسەنی میسڕە.

محەمەد عەلی پاشای گەورە كە یەكێك بوو لە وەزیرە كوردەكان و ژمارەیەكی زۆر لە كوردان پێوەندییان پێوە كرد بە تایبەتی دوای ئەوەی كە ئەو پاشایە بووە سەركردەی رابوونی میسڕییەكان و كەناڵێك بەناوی كەناڵی سوێس كرایەوە، روڵێكی زۆر كاریگەری لەسەر رەوتی میسڕ و كوردەكان هەبوو.

باڵوێزی ئاشتی و نیازپاكی لە دنیا ئاماژە دەدات، كوردەكان لە میسڕ رۆڵێكی زۆر كاریگەریان لەبواری هونەریشدا هەبووە و دیارترینی ئەو كەسانەی لە بواری هونەردا ناویان هەبووە، ئەحمەد شەوقی، محەمەد ئەمین و خێزانی تەیموور بوون كە بە "محرر المرە العربیە و لعقاد" دەناسرا و دواتر چەندان هونەرمەندی ناودار دەركەوتن لەوانە عەلی بەدرخان، سوعاد حوسنی، نەخاتی بچووك و دوو كچی رەسام حوسنی ئەلبابا" كە هەر هەموویان كورد بوون.

"لە وڵاتی میسڕ كومەڵگەیەك هەیە بەناوی "حی البشری" و پێنج شەقام لە میسڕ هەن بەناوی كوردەوە ناو نراون كە ناودارترینیان دەكەوێتە ناوچەیەك بەناوی "المعادی فی القاهیرە"، بەشی زۆری خەڵكی ئەو پێنج ناوچانە كوردن"، كوڤان عەبدولەتیف وای گوت.

وڵاتی میسڕ یەكێكە لە دەوڵەتە گەورەكانی عەرەب كە زیاتر لە 75 ملیۆن دانیشتووی هەیە و بە وڵاتێكی فرە ئاین و نەتەوە و خاوەن شارستانییەتێكی كۆن دەناسرێت.

دهۆك/نەوزاد هلوری





وشە - تایبه‌ت