هه‌وراز گه‌رمیانی
له ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌ی رابردوودا، له‌ناو كه‌مپه‌كانی تایبه‌ت به ئاواره‌كانی كوردانی ئێزیدی له پارێزگای دهۆك، شه‌ش كه‌س كۆتایان به ژیانی خۆیان هێناوه. ئه‌م ڕووداوانه دۆخی ناله‌بار و كاره‌ساتباری ژیانی كوردانی ئێزیدی له‌ڕووی مادی، مه‌عنه‌وی، ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به باشی وێنا ده‌كات.
هاوكات له شنگال كه گه‌وره‌ترین شارۆكه و ناوه‌ندی كوردانی ئێزیدییه، هه‌وڵێك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی هێما و سیمبۆله‌كانی تایبه‌ت به ئاینزای شیعه و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و شارۆكه‌یه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له ئارادایه.
ده‌ڤه‌ری شنگال و كوردانی ئێزیدی، له‌لایه‌ن داعشه‌وه قورسترین زیانیان به‌ركه‌وت
له هه‌مان كاتدا له‌لایه‌ن په‌كه‌كه و هێز و گرووپه‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، ڕێگری له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال ده‌كرێت. پێده‌چێت پیلانێكی شیعی – ئێرانی، له شنگال به‌ڕێوه بچێت كه حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه جێبه‌جێكاری هاوبه‌شی ئه‌م پیلانه‌ن.
ده‌ڤه‌ری شنگال و كوردانی ئێزیدی، له‌لایه‌ن داعشه‌وه قورسترین زیانیان به‌ركه‌وت. ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش جێنۆسایدێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هێنان و به هه‌زاران كه‌سی لێ كۆمه‌ڵكوژ و چه‌ند ئه‌وه‌نده‌یشی لێ بێ سه‌روشوێن كردن. ئه‌وانه‌یشی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك توانیان خۆیان ڕزگار بكه‌ن، نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه له كه‌مپه‌كان و له دۆخێكی نه‌شیاو و ناله‌باردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شنگال له ساڵی ٢٠١٥ به ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئازاد كراوه، به‌ڵام زیاد له 80% ئاواره ئێزیدییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان و هێشتا له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین. حكوومه‌تی عێراقی له ئاست ئێزیدییه‌كاندا زۆر بێ خه‌مه و هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێم (كه خۆی له قه‌یراندایه) ناكات، له‌پێناوی باشتركردنی دۆخی گوزه‌رانی ئاواره‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان. به‌غدا ته‌نانه‌ت هێشتا ددانی به‌و جێنۆسایدهدا نه‌ناوه كه داعش له شنگال كردوویه‌تی.
زیادبوونی ڕێژه‌ی خۆكوژی، توندوتیژی له‌ناو خێزانه‌كان، تێكچوونی باری ده‌روونی، هه‌ژاری و ده‌ستكورتی و.. تاد، ده‌ره‌نجامی خه‌مساردی عێراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه له‌باره‌ی كوردانی ئێزیدی. كۆرۆنایش قه‌یرانه‌كه‌ی قووڵتر كردووه.
دوای په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شنگال، په‌كه‌كه به پاساوی به‌هاناوه‌چوونی كوردانی ئێزیدی، هێزی چه‌كداری ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره كرد، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م كاره‌ی په‌كه‌كه ئامانجی تری له پشته‌وه بوو. په‌كه‌كه نه‌ك بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی شنگال، به‌ڵكو بۆ داگیركردنی ئه‌و ناوچه‌یه هاتبوو. له‌پێناو ئه‌و ئامانجه نهگریسهشدا خۆی خسته ئامێزی حه‌شدی شه‌عبی و پشتی به ئێران و به‌ره‌ی شیعه به‌ست.
په‌كه‌كه یه‌كه‌مین ڕێكخستنی حه‌شدی له‌ناو كورددا دروست كرد
"په‌كه‌كه یه‌كه‌مین ڕێكخستنی حه‌شدی له‌ناو كورددا دروست كرد"، به‌وه‌یش په‌كه‌كه له شنگالدا یه‌كێك له خولیا دێرینه‌كانی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی ده‌هێنێته دی، هاوكات ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ك ڕێڕه‌وێك بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌كی ئێرانی بۆ سووریا و پێچه‌وانه‌كه‌یشی چه‌كی رۆژئاوای كوردستان بۆ قه‌ندیل به‌كار ده‌هێنێت. هاوكات له‌و سنووره‌دا كۆمه‌ڵێك كاری نایاسایی و قاچاخ ئه‌نجام ده‌دات.
ناوچه‌ی شنگال و هه‌ڵكه‌وته جیۆگرافییه‌كه‌ی بۆ ئێران و حه‌شدی شه‌عبی پێگه‌یه‌كی جیۆستراتیجی هه‌یه و هیلالی شیعی له عێراقه‌وه به شام و لبنان ده‌به‌ستێته‌وه. هاوكات له‌ڕووی مێژووییه‌وه بنه‌ماڵه‌ی ئیمام حوسێن دوای ڕووداوه‌كه‌ی عاشوورا له كه‌ربه‌لا، له‌ڕێی شنگاله‌وه بۆ دیمه‌شق گوازراونه‌ته‌وه. بۆیه شنگال به ڕێی "سه‌بایه" ده‌ناسرێت و له‌ڕووی ئاینییه‌وه بۆ شیعه جێی بایه‌خه.
به‌ره‌ی شیعه له‌ڕێی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه، به‌شێك له ناوچه‌كانی شنگالی كۆنتڕۆڵ كرد. دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧یش، حه‌شدی شه‌عبی ڕاسته‌وخۆ هاتنه ناوچه‌كه و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی په‌كه‌كه ئیداره‌یه‌كی ناشه‌رعییان هێنایه سه‌ركار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یاسایی ناوچه‌كه‌یان وه‌ده‌ر نا. به‌وه‌یش بێ سه‌روبه‌ره‌یی و پاشاگه‌ردانی له شنگال زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و دۆخه‌كه‌ی به‌مڕۆژه گه‌یاند.
شیعه وه‌ك چۆن له ته‌واوی ناوچه سوننه‌كانی عێراق، پیلانی پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و گۆڕینی دیمۆگرافی و باڵاده‌ستكردنی هه‌ژموونی خۆی به‌ڕێوه ده‌بات، له شنگالیش به‌هه‌مانشێوه كۆمه‌ڵێك پڕۆژه و به‌رنامه‌ی مه‌ترسیدار به‌ڕێوه ده‌بات. له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا چه‌ندان مه‌زارگه‌ی شیعه له‌ناكاو و وه‌ك قارچك سه‌ریان ده‌رهێناوه. ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه و ناوه‌ندی ڕۆشنبیری تایبه‌ت به شیعه، حوسه‌ینییه و مزگه‌وت و... تاد، دروست كراون. به جۆرێك سیمای شاره‌كه خه‌ریكه ده‌گۆڕێت و ڕه‌نگی شیعه به‌خۆ ده‌گرێت.
له كاتێكدا كه شنگال ناوه‌ندی ئێزیدایهتییه، هیچ هه‌وڵێك بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی مه‌زارگه و شوێنه پیرۆزه‌كانی ئاینی ئێزیدی كه داعش له‌ناوی بردوون، نادرێت. ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یش به مه‌به‌ست پشتگوێ ده‌خرێت. په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبیش ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ئاسته‌نگ ده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌بار ده‌به‌ن.
به‌و شێوه‌یه، خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شنگال له گه‌ڕانه‌وه بۆ شاره‌كه‌یان بێ هیوا ده‌كه‌ن و سیمای ڕه‌سه‌نی ئێزیدیایه‌تی ناوچه‌كه ده‌سڕنه‌وه و پیلانی به‌شیعه‌كردنی په‌ره پێ ده‌ده‌ن.