لە بەڕێوەبەرایەتییەك ژمارەیەك لە ماتۆڕسكیل دیار نامێنن

:: PM:02:08:14/01/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین، دوای دەستگرتن بەسەر ژمارەیەك ماتۆڕسكیل، ئێستە ئەو ماتۆڕسكیلانە دیار نەماون و لێكۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی كانوونی دووەم، یاسین خدر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەیەك پێش ئێستە لە هەڵمەتێكدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین، دەستی بەسەر چەند ماتۆڕسكیلێك گرت.

لیژنەیەكی نارد بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ماتۆڕسكیلانە
 ئەو پەرلەمانتارە گوتی، دوای بەدواداچوون بۆم دەركەوت ئەم ماتۆڕسكیلانە ئێستە دیار نەماون.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی دیارنەمانی ئەو ماتۆڕسكیلانە، یاداشتێكم ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كرد، دوێنێ وەزارەتی ناوخۆش بەدەم داواكارییەكەمەوە هات و لیژنەیەكی نارد بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ماتۆڕسكیلانە.

بەپێی بڕیار لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ئەو ماتۆڕسكیلانە دەستی بەسەردا دەگیرێت كە هیچ بەڵگەنامەیەكی یاساییان نییە، لە گەراجی هاتوچۆ تا ساڵێك پێویستە بهێڵرێنەوە، ئەگەر خاوەنەكەیان ئامادەی تابلۆ و تۆماركردنیان نەبێت، ئەوا دەبێت پان بكرێنەوە و بكرێن بە ئاسنی خاو.



وشە - رامیار جەواد