بینە و بەردەی ئیسرائیل و ئێران تا 20ی ئەم مانگە

:: PM:06:29:14/01/2021 ‌

چوارساڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا هاوشێوەی تاڵاوچەشتن بوو بۆ ئێران، هاوكات باشترین هەل و پاداشت بوو بۆ ئیسرائیل، تاران بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو لایەكەوە بووبووە ئامانجی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ و سەربازی و ئابووری ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێستەیش لە دوایین رۆژانی ترەمپ و بەر لە هاتنی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراو بۆ كۆشكی سپی، ئیسرائیل تێماوی بنی پیاڵەكە دەرخواردی ئێران دەدات.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل دەیان هێرشی كردە سەر ئامانجەكانی سوپای سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریا، دیارە لە رێگەی ئەو گورزانەوە كە بریتی بوون لە چەند هێرشێكی ئاسمانی، خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێكی گەورە و فرەوان ئامادە دەكات، بۆ رزگاربوون لە مووشەكەكانی ئێران كە لەسەر خاكی سووریادا هەن، بەپێی سەرچاوەكان هەفتەی رابردوو ئیسرائیل ئەمباری چەك و بنكەی مووشەكی لە ناوچەیەكی نزیك لە جۆلانی سووریا بۆردمان كردووە، شەوی چوارشەمیش چەند بنكەیەكی سەربازی لە ناوچەی دێر زوور و دەروازەی ئەلبوكەمال لەسەر سنووری عێراق كردە ئامانج.   

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، مەبەستی هێرشەكانی ئیسرائیل روونە و بریتییە لە ریشەكێشكردنی بوونی ئێرانە لە سووریا لەگەڵ گرنگیدانی زیاتر بە سنوورەكانی عێراق و ناوچەی جۆلانی نزیك لە سنوورەكانی، بۆیە پەیامی ئیسرائیل دیارە كە قبووڵی بوونی مووشەكەكانی ئێران لە سووریا و لە لبنانیش ناكات، بێ رەچاوكردنی ئەوەی ئیدارەی جۆ بایدن دەتوانێ ژیان بەبەر رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بێنێتەوە یان نا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆ چەند زانیارییەك كرد كە ئیسرائیل خۆی دزەی پێ كردووە و باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا زانیاری بە ئیسرائیل لەبارەی ئەو پێگە سەربازیانەی ئێران لە نزیك سنوورەكانی عێراق داوە، كە رێگەی دا بۆ دوایینجار لە دێر زوور و ئەلبوكەمال هێرش ئەنجام بدات، بۆیە تێبینی دەكرێت هێرشەكان قورس بوونە و پێگەی سوپای سووریایشی گرتەوە، خەمی ئیسرائیل لەو قۆناغەی ئێستە بریتییە لە بۆردمانكردنی مووشەكەكانی ئێران كە پەرەیان پێ دراوە، بەتایبەتی دوای هێرشەكەی سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامۆكۆی سعوودیە، كە بووە هۆی وەستانی سێیەكی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بۆ ماوەی چەند رۆژێك.
كردنەوەی دەستی ئێرانییەكان لە سووریا باجەگەی قورس دەبێت
چاودێران پێیان وایە ئەو گورزە بەهێزەی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچەیەی سووریا دەری دەخات ناوچەكە بووەتە بنكەیەكی لۆجیستی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تێپەڕبوون لە عێراقەوە، نیكۆڵاس هیراس، توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەكانی جەنگ دەڵێت، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە دوایین رۆژانی ئیدارەی ترەمپ، تا پێی بكرێ زیان بە هەوڵەكانی سوپای پاسداران لە سووریا بەر لە هاتنی بایدن بگەیەنێت.

لای خۆیەوە ئامووس یالدین، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و سەرۆكی پەیمانگەی توێژینەوە تەناهییەكان لە تویتەر نووسیویەتی، ئیسرائیل لە رێگەی ئەو گورزانەوە پەیامێك بە سووریا دەدات بەوەی كردنەوەی دەستی ئێرانییەكان لە سووریا باجەگەی قورس دەبێت، بەوكاتەی ئاڤیڤ كوخافی، سوپاسالاری ئیسرائیل داوای لە لایەنی پێوەندیدار لە سوپا كرد بە دانانی پلانێكی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ خێراكردنی هەنگاوەكانی دوایی تاران بەرەو بەرزكردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانۆم.

ئەگەر ئێران هەر پەرەسەندنێك لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكات یان دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، دەبێتە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل، هەر ئەوەیشە هەوڵەكانی ئیسرائیل روون دەكاتەوە بۆ بەربەستكردنی پەرەسەندنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی، بۆیە كوخافی، فەرمانگەی ستراتیجی و فەرمانگەی سێیەمی سوپای ئەو وڵاتە كە بە "بەڕێوەبەرایەتی ئێران" ناسراوە، رای سپاردووە بە دانانی سێ شوێنگرەوە بۆ رێگرتن لە هەوڵە ئەتۆمییەكانی تاران یان رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەكانی ئێران، كە بڕیارە بەمنزیكانە بدرێتە حكوومەتی ئیسرائیل، بۆیە سوپای ئیسرائیل كار بۆ ئامادەكردنی پلانێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی"، لە راپۆرتێكی ئاماژە دەكات كە ئێران بەمدواییە چەند هەنگاوێكی ناوە رێگەی پێ دەدەن كاتەكە بەرەو بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی كورت بكاتەوە، بۆیە هەواڵگریی ئیسرائیل پێی وایە ئەو دەتوانێ لە ماوەی ساڵێكدا پێگەیەكی ئەتۆمی دامەزرێنێت.            



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل