كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشبینی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات

:: PM:08:47:14/01/2021 ‌

ساڵی رابردوو و لەسەر داوای خۆپێشاندەران مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ واتە 2021 دیاری كرد، بەڵام بەهۆی ناتەواوی ئامادەسازییەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە ناتوانن لەو وادەیە پرۆسەكە ئەنجام بدەن.

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق لە كۆبوونەوەی دواییدا بە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و هێزە سیاسییەكانی  راگەیاندووە، كە ئەوان ئامادە نین هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە ببەن و تا دوای مانگی ئەیلوولی داهاتوو ئامادە دەبن، هەندێك لە هێزە سیاسییەكانیش پاڵپشتی لەو بابەتە دەكەن.
سێ سەرۆكایەتییەكە كۆبوونەوە دەكەن و رای دەگەیەنن
رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری كورد لەبارەی كێشەكانی بەردەم كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە بایۆمەتری تەواو نەكراوە كە پێویستە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە و دووەم حكوومەتی عێراق دۆخی دارایی خراپە و بۆ هەڵبژاردنیش داوای قەرزی كردووە، لەلایەكی تر هێزە سیاسییەكان ئامادە نین و تا ئێستە چەك بەدەستی میلیشیاكانەوە، بۆیە هەموو ئەوانە گۆڕانكاریان بەسەردا نەهاتووە تا بتوانین هەڵبژاردن بكرێت.

زیاتر گوتی، بۆیە باسی دواخستنی پرۆسەكە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دەكرێت، سەبارەت بە راگەیاندنی دواخستنی هەڵبژاردنەكەیش، سێ سەرۆكایەتییەكە كۆبوونەوەیان كردووە و ئەوان رای دەگەینن.  

بەپێی سەرچاوەكان رۆژانی داهاتوو چەند كۆبوونەوەیەكی نوێ لە نێوان كۆمسیۆن و هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و هێزە سیاسییەكان لەخۆ دەگرێت، بۆ رێككەوتن لەسەر وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكە لەبری وادەی پێشوو كە حوزەیرانی ئەمساڵە. 



وشە - زریان تەها