حكوومه‌ت ڕاپۆرتی دیلۆیتی تایبه‌ت به‌وردبینی ‌كەرتی نەوت و گازی بڵاو كرده‌وه‌

:: PM:05:31:15/01/2021 ‌
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان ده‌قی ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتی بڵاو كرده‌وه‌. 

كۆمپانیای دیلۆیت ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە یه‌كی کانونی دووەمى ساڵى 2020 تا 30ی ئەیلوولی ساڵى 2020ی ئاماده‌ كردووه‌.

ڕاپۆرتەکە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیـزی بەردەستە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و رێژەی نرخەکان. پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە ئەنجام دراوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەك بەشێك لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئاشکراکردنی زانیاری سەربار دەکات بۆ پەرەپێدانی شەفافییەت لە بواری کەرتی نەوت و گاز. بەمجۆرە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017ەوە بە بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە.

لە ساڵی 2019 شەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە دەربارەی ڕەسیدی  پێشەکی دراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە.

لە ساڵی 2020دا ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و پێشنیازی لایەنە پێوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری و وردبینی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییە ناوخۆییەکانی بواری وردبینیی کەرتی نەوت و گاژ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرانبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دەبێت لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پڕۆسە و بەشەكانییەوە.

لە خوارەوە دەتوانن دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی بە فۆرمی (PDF) داتاکانی پشتڕاستكراوی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان دەستبخەن.





وشە - محەمەد میران