تاكو ئێسته‌ تەقەكەرانی چێشتخانەكەی هەولێر نه‌گیراون

:: PM:06:39:15/01/2021 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەكالەت ئەو چێشتخانەیەی بەسەر كردەوە كە ئەمڕۆ لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرشی كرایە سەر.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشكراى كردووه‌، دوای ئەوەی سه‌عات 3:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە شاری هەولێر، چوار کەس بەهۆی نەمانی خواردنەوە، بە چەکەوە هەڵیانکوتایە سەر سەروپێخانە و چێشتخانەی ساماڵ، چێشتخانەکە و چەند چێشتخانەیەکی تەنیشتیان دایه‌ بەر دەستڕێژی گوللـە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، بە یاوەری نەبەز عەبدولحەمید قائمقامی ناوەندی هەولێر شوێنی ڕووداوەکەیان بەسەر کردەوە.

پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت، دڵنیایی دایە خاوەنی چێشخانەکان و کرێکاران و سەرجەم ئەو کاسبکارانەی لەو شوێنەدا کار دەکەن، کە تاوانباران و دەرچووان لە یاسا بە زووترین کات ده‌گیرێن و ڕێکاری یاساییان لە بەرانبەردا دەگیرێتەبەر.

ئاماژە دراوه‌، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت ڕاى گه‌یاندووه‌، ڕێ نادەن ئەو تاوانبارانە لە دەست یاسا ڕزگاریان بێت کە بەم شێوەیە هەڵبکوتنە سەر ماڵ و موڵکی خەڵک، ئارامی و ئاسایشی شار بشێوێنن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هه‌ینى لەسەر نەمانی (سەروپێ) بۆ خواردن، چەند کەسێک سێ چێشتخانە لە هەولێر دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە تاكو ئێسته‌ پۆلیس له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌.


وشە - محەمەد میران