په‌یمانگه‌ی برۆكینگزی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی بودجه‌ی ته‌رخانكراوه له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021 بۆ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بڵاو كردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌یش جێی پرسیاره و مایه‌ی هۆشداری پێدانه كه ئه‌و تریلیۆنان دیناره‌ی بۆ میلیشیاكان ته‌رخانكراوه، بۆچی و له چی خه‌رج ده‌كرێت.
له
ڕاپۆرته‌كه هاتووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه دۆخی ئابووری عێراق له ژێر فشارێكی گه‌وره و له به‌رده‌م ته‌نگژه‌یه‌كی ترسناكدایه، به‌ڵام بودجه‌ی 2021 له شوێنی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان بێ، كه‌چی بودجه‌ی جه‌نگ ئاماده‌كراوه و ڕێژه‌ی 45.7% به به‌راورد به بودجه‌ی 2019 بودجه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی زیاد كراوه كه بڕه‌كه‌ی ده‌كاته 2.4 تریلیۆن دینار.
په‌یمانگه‌كه نووسیویه‌تی، ته‌رخانكردنی ئه‌و بڕه پاره زۆره بۆ میلیشیاكان، دۆخی ئابووری ئه‌وان به‌هێزتر ده‌كات و قه‌واره سیاسییه‌كانی گرووپه میلیشیاكان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، تا به پاره ده‌نگی ده‌نگده‌ران بكڕنه‌وه و زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن دابنێن.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بڕه زۆره‌ی بودجه بۆ میلیشیاكان ته‌رخانكراوه، كه‌چی تا ئێسته‌یش ئه‌وان له ده‌روازه‌كانی سنوور له باشوور و ڕۆژئاوای عێراق له‌گه‌ڵ ئێران و له ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ سووریا داهاتی زۆریان ده‌ست ده‌كه‌وێ و كۆنتڕۆڵی به‌شێك له ده‌روازه‌كانیان كردووه.