ئەمڕۆ خوێندن دەست پێ‌ دەكاتەوە و یەك هەفتە كات بۆ دایك و باوكی قوتابی هەیە

:: AM:09:01:16/01/2021 ‌
ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەكان قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەست دەكەنەوە بە خوێندن، لە ماوەی ئەو هەفتەیە پێویستە دایك و باوكی قوتابی فۆڕمێك بۆ منداڵەكانیان پڕ بكەنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەكان قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن.

قوتابی سەرپشك كراوە كە قوتابییەكەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات
لە ڕێنوێنییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، بەخێوكاری قوتابی سەرپشك كراوە كە قوتابییەكەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات، ئەوە دەبێ بڕیاری لێ‌ بدات.

وەزاەتی پەروەردەش كۆمەڵێك ڕێنوێنی بڵاو كردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە تا كۆتایی هەفتە ئەو بژاردەیە دەخرێتە بەردەم كەسوكاری قوتابیان و فۆڕمێك پڕ بكەنەوە، بڕیار بدەن كە قوتابییەكەیان لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیكردنەوە نووسینەكانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.

ڕۆژی چوارشەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبووەوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی خوێندنی بۆ قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەركرد و ڕۆژی یەكی ئاداریشی وەك دەستپێكی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەكان دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد