ئەمڕۆ كۆتایی بە تۆماری ناوی قەوارە سیاسییەكان دێت

:: AM:10:59:16/01/2021 ‌
بەپێی ئەو كاتەی بۆ تۆماری ناوی قەوارە سیاسییەكان و پڕكردنەوەی فۆڕمی هاوپەیمانی دیاری كراوە، ئەمڕۆ كۆتایی بە تۆماری ناوی قەوارە سیاسییەكان لە عێراق دێت. 

ئەمڕۆ شەموو 16ی كانوونی دووەم، دواین وادەیە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان دیاری كردووە تا ناویان  بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان تۆمار بكەن.

تا ئێستە زیاتر لە 432 حزب داواكارییان بۆ خۆتۆماركردن لە كۆمیسیۆن پێشكەش كردووە
پێشتر عەبدولڕەزاق موشیر بەرپرسی نووسینگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دواین كات بۆ تۆماری ناوی حزبەكان، 16ی كانوونی دووەمە و بۆ ئەگەری هەر هاوپەیمانێتی لایەنەكان، دەبێت لەو كاتە بێت، دواتر قبووڵ ناكرێت.

باسی لەوەش كرد، تۆمارەكە بەدوو شێوە بەڕێوە دەچێت و مەرجیش هەیە نابێ ناوەكە دووبارە بێت، خۆتۆماركردنی لیست و قەوارەكان لە نووسینگەی سەرەكی كۆمسیۆنە لە بەغدا، بەڵام بۆ تۆماركردنی كاندیدەكان لە نووسینگەكان دەبێت.

دواین ئامار كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە زیاتر لە 432 حزب داواكارییان بۆ خۆتۆماركردن لە كۆمیسیۆن پێشكەش كردووە، داواكاری 120 حزبیش رەت كراوەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو تۆمار و ناو نوێكردنەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی نیسانی ئەمساڵ، دەستی پێ كرد و تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.



وشە - رامیار جەواد