هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان بۆ كەمترین ژمارە لە دوو دەیەی رابردوو دادەبەزێت

:: AM:11:27:16/01/2021 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، ژمارەی هێزەكانیان لە عێراق و ئەفغانستان بۆ دوو هەزار و 500 كەس كەمی كردووە، ئەو ژمارەیەش بە كەمترین ژمارە لە دوو دەیەی رابردوو هەژمار دەكرێت. دیار نییە لە سەردەمی بایدن هەمان سیاسەتی كشانەوەی هێز درێژەی دەبێت یان دووبارە ئەمەریكا هەژموونی خۆی لە ناوچەكە بەهێز دەكاتەوە.

بەگوێرەی میلیتاری تایمز، سەرەتا پێنتاگۆن دژی كەمبوونەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان بوو، بەڵام دواجار رەزامەندی دەربڕی و بەگوێرەی فەرمانەكە، دەبوو تا 15ی كانوونی دووەم ژمارەی هێزەكان كەم بكاتەوە و ئێستە ئەو هێزانە لە عێراق و ئەفغانستان پاشەكشە دەكەن كە 20 ساڵە هاتوون. دۆناڵد ترەمپ بەردەوام سوور بووە لەسەر ئەوەی پێویست ناكات هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتان خۆیان بە كوشت بدەن، بە پێویستی زانیوە ئەو وڵاتانە خۆیان تەناهی خۆیان بپارێزن.

سەرۆكی ئەمەریكا بە چەند بڕیارێكی جیاواز ژمارەی هێزەكانی لە ناوچەكە كەم كردووەتەوە.


سیاسەتەكەی ترەمپ هەرچەندە رەخنەیەكی زۆری لێ گیراوە و بە جۆرێك پاشەكشەی هەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكە لێك دراوەتەوە، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا بە چەند بڕیارێكی جیاواز ژمارەی هێزەكانی لە ناوچەكە كەم كردووەتەوە.

كریس میلەر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا گوتوویەتی، گەشەی ئاسایش و ئارامی لە عێراق و ئەفغانستان گرنگترین هۆكارە وایكردووە هێزەكانیان بكشێننەوە. ئەو ئاماژەی داوە لە كۆتایی دوو دەیە جەنگی ئەفغانستان نزیك كەوتوونەتەوە و پاڵپشتی لە دانوستانەكانی ئاشتی لەو وڵاتە دەكەن.

ئەمەریكا بۆ سەرخستنی ئاشتی لە ئەفغانستان، راستەوخۆ لەگەڵ تالیبان گفتوگۆی كردووە و یەكێك لەو مەرجانەش قبووڵی كردووە، ئەوە بووە تا بەهار سەرجەم هێزەكانی بكشێنێتەوە.

هەرچەندە ئەمەریكا كشانەوەی هێزەكانی گرێ داوە بە گەشەی دانوستانەكان و سەقامگیری و ئاشتی لەم وڵاتە و قۆناغ بە قۆناغ هێزەكانی دەكشێنێتەوە.

توانی سەرئێشەی گەورە بۆ حكوومەتی تازەدامەزراوە بهێنێتە كایەوە.


هێزەكانی ئەمەریكا دوای رووداوی 11ی ئەیلوولی ساڵی 2001، روویان لە ئەفغانستان كرد و هێرشیان كردە سەر حكوومەتی ئەو وڵاتە كە داڵدەی تیرۆریستانیان دابوو. لەو كاتەوە لە ئەفغانستان جەنگ درێژەی هەیە و سەرەتاكان هەوڵی دا رۆڵی تالیبان بە یەكجاری بسڕێتەوە، بەڵام لەو هەنگاوەیان سەركەوتوو نەبوون و تالیبان بەو هەژموونەی لە ئەفغانستان هەیبوو، توانی سەرئێشەی گەورە بۆ حكوومەتی تازەدامەزراوە بهێنێتە كایەوە.

دواجار بەو ئەنجامە گەیشتن تالیبانیش لە داهاتووی دەسەڵاتی ئەفغانستاندا بەشداری بكات، ئەمەریكا راستەوخۆ لەگەڵی كەوتە گفتوگۆوە و گفتوگۆكانیش درێژەیان هەیە.

لەبارەی عێراقەوە پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت، ئەمەریكا بەهۆی داخوازی شیعەكان بە تایبەتی ئەو هێزانەی لە ژێر فەرمانی ئێراندا كار دەكەن، لە ژێر گوشاردان تا هەرچی زووە هێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە، داواكارییەك كە نە بەدڵی كورد و نە بەدڵی سوننەكان بووە.

كورد و سوننە پێیان وایە مەترسییەكانی داعش لەسەر عێراق هێشتا نەڕەویوەتەوە


كورد و سوننە لە عێراق پێیان وایە هێشتا دۆخی عێراق ئاڵۆز و پشێوە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئەم وڵاتە نەڕەویوەتەوە، تەنانەت لەم چەند مانگەی رابردوودا زیاتریش پەرەی سەندووە، دۆخەكە ئەوە دەخوازێ هێزەكانی ئەمەریكا بمێننەوە و لە بنبڕكردنی تیرۆر یارمەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بدەن.

لە سەرەتای ساڵی رابردوو دوای ئەوەی ئەمەریكا بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوشت، دوای رووداوەكە لە پەرلەمانی عێراق، زۆربەی لایەنە شیعەكان دەنگیان بە پڕۆژەیاسایەك دا كە داوا دەكات هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە.

كورد و زۆرینەی سوننە دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد و دەنگیان پێی نەدا. پاساوی ئەوان ئەوە بوو ناكرێ لە رووی سۆزەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی تەناهی عێراق بدرێت، لە كاتێكدا وڵات هێشتا لە بەردەم مەترسی تیرۆردایە، ناكرێ بڕیار لە كشانەوەی ئەو هێزانە بدرێت كە رۆڵیان هەبووە لە لاوازكردن و شكستدانی داعش.

لە 20ی ئەم مانگە جۆ بایدن بە فەرمی دەچێتە كۆشكی سپی و بڕیارەكانی حكوومەتی داهاتووی ئەمەریكا لەسەر زیاتر كەمكردنەوە یان زیادكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە رەنگدانەوەی دەبێت.

ئەمەریكا بۆ ئەوە نەچووەتە سووریا دوای ئەو هەموو خەرجی و قوربانییانە، ناوچەكە دوودەستی پێشكەشی رووسیا و توركیا بكات


پێشتر لە پرسی سووریادا كە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای دابوو، لەگەڵ دژایەتی توندی دیموكراتەكان و تەنانەت كۆماریخوازەكانیش بەرەوڕوو بووبوو. ئەوان پێیان وابووە ئەمەریكا بۆ ئەوە نەچووەتە سووریا دوای ئەو هەموو خەرجی و ماندووبوون و قوربانییانە، ناوچەكە دوودەستی پێشكەشی رووسیا و توركیا بكات، پشت لەو هاوپەیمانانەشی بكات كە رۆڵیان هەبووە لە لەناوبردنی داعش. ئەو دژایەتییانە كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی ترەمپ دووبارە بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە و لە فەرمانەكەی پاشگەز ببێتەوە و بەشێك لە هێزەكانی لە سووریا بهێڵێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان