پشكنینی نوێ‌ بۆ تیرەی نوێی كۆرۆنا لە دەروازەكان دانرا

:: PM:12:21:16/01/2021 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بۆ پشكنینی كۆرۆنا و تیرە نوێیەكەی كۆرۆنا، كیتی تایبەت لە دەروازە سنوورییەكان دانراوە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی كانوونی دووەم، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاساییبوونەوەی گەشتەكان بۆ ئێران، وەزارەتی تەندروستی ئامادەكاری خۆی كردووە.

گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، كیتی تایبەت بە پشكنین بۆ تیرە نوێیەكی كۆرۆنا لە دەروازەی سنوورییەكان دابین كراوە، تیمەكانی تەندروستی بە پشكنین و بەكارهێنانی ئەو كیتە نوێیە دەزانن كە كەسێك هەڵگری تیرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت.

هیچ كەسێك بێ‌ پشكنین ڕێی پێ نادرێت بێتە هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، تیمەكانی تەندروستی لە دەروازە سنوورییەكان بەردەوام پشكنین بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەن لە ئێران دەگەڕێنەوە، هیچ كەسێك بێ‌ پشكنین ڕێی پێ نادرێت بێتە هەرێمی كوردستان.

دوێنێ‌ وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاگەداری هەموو هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكەنەوە، دەروازەكان بە رووی گەشتیاران دەكرێنەوە و چوونی  هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و هاتنی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان بە پێی رێنوێنییەكان و رێكارەكانی تەندروستی و ئەنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاسایی دەبێتەوە.




وشە - رامیار جەواد