''باشترین جۆری رۆنی بزوێنەر ئەوانەن کە دوو ژمارەیین''

:: PM:01:35:16/01/2021 ‌

لە دیمانەیەکی ''وشە'' لەگەڵ کاروان ڕەزا ڕۆن گۆڕ و شارەزای میکانیکی بزوێنەر، باس لەوە دەکات کە گرنگی ڕۆنی بزوێنەر چییە لە ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ جۆرەکانی ئاشکرا دەکات، باسیش لەوە دەکات کە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕۆنەدا بکرێت بۆ سەلامەت مانەوەی بزوێنەر و خوولانەوەیەکی تەندروستی رۆن و بەنزین، ''وشە'' چەند پرسیارێک لەبارەی رۆنی بزوێنەر لەم شارەزایە دەکات.

ڕۆنی ئۆتۆمبێل چییە؟
ڕۆنی ئۆتۆمبێل ئەو شلەیەیە کە کرداری لێکخشان لە جووڵە میکانیکییەکان کەم دەکاتەوە، بەشێوازێک کە کاری بزوێنەر ئاسان دەکات.  

چەند جۆری جیاواز ڕۆنمان هەیە؟
رۆنی بزوێنەر بە گشتی دەکرێت دوو بەشەوە ''ڕۆنی گاز و ڕۆنی بەنزین''. 
جگە لەوەیش جۆرەکانی ڕۆن بۆ بە کارهێنانی ئۆتۆمبێل جیاکراونەتەوە بۆ چەند شلەیەک لەوانە:
یەکەم - ڕۆنی بزوێنەر. 
دووەم - ڕۆنی برێک. 
سێیەم - ڕۆنی گێڕ ئۆتۆماتیک هایدۆلیک ئەم جۆریان جیهانێکی زۆر فراوانە دەبێت بەورییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کەسانی شارەزە کارەکە ئەنجام بدە لەبەر ئەوەی هەڵەییەکی بچووک لە گێڕدا دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ شۆفێر. 
چوارەم - ڕۆنی گێڕی مانوێڵ سۆلی.
پێنجەم - ڕۆنی پاوەر. 
واتا بە گشتی دەکرێت بڵێین پێج جۆر شلەیە.

چۆن جیا دەکرێنەوە و کارییان چییە؟
جیاکردنەوەی ئەم جۆرە شلانە کارێکی محاڵ نییە، وەک هەر شلەییەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لەم کاتەدا لە هەر شلییەک چەندین زنجیرە لە خۆ دەگرێت بۆیە ئەمە کەمێک جیاکاریی قوورس کردووە، جگە لەوەیش هەر یەکەیان لەسەر بوونییەتی ناوەکەی کارەکەی ئەنجام دەدات واتە، رۆنی بزوێنەر - تایبەتە لە نەهێشتنی لێخشانی بەشە میکانیکییەکانی ناو بزوێنەرەکە، رۆنی بەرەیک تایبەتە بە ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکە و رۆنی پاوەر واتە سوکانی ئۆتۆمبێلەکە بەم شێوەیە کارەکان جیا دەکرێنەوە.

باشترین جۆرەکانی رۆن بۆ بزوێنەر و گێڕ و ئەکسلەکان چین لە کوردستاندا؟
لە مێژووی دروست بوونی ڕۆن تا ئەم کاتە ئێستە ڕۆنی کوالێت و تایبەتمەندی بەرز لە هەرێمی کوردستان نەبووە، سەرەڕای هەبوونی چەندان رۆنی باش لە دنیادا، بەڵام زۆربەیان نەهێندراونەتە هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەیش چەند جۆرە رۆنێک هەن باشن، بەڵام وەک پێویست نین و ناتوانین بەراوردی بکەین بەو رۆنە کوالێتییە بەرزانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەن.

هەر ئۆتۆمبێلێک چەند لیتر رۆنی بزوێنەر و رۆنی گێڕ و هایدرۆلیک دەگرێت؟
چەندیەتی ڕۆنی بزۆێنەری ئۆتۆمبێل بەپێی قەبارەی بزوێنەرەکە دەگۆڕێت بۆ نموونە کەمترین ڕۆن بۆ بزوێنەر سێ لیتر و زۆرترینینش هەشت لیترە ئەمەی کە باسمان کرد بەشێوەیەکی گشتیە لە ئۆتۆمبێلی بچووکدا، چونکە هەر ئۆتۆمبێلێک قەبارەکەی جیاوازە و بەگوێرەی هەر ئۆتۆمبێلێک دەگۆڕێت.

کاتێک رۆنی بزوێنەرمان گۆڕی پێویستە دوای چەند کیلۆمەتر جارێکی تر بیگۆڕینەوە؟ 
بەهۆی ئەو تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە کە لە ڕۆنەکانی ئەم سەردەمەدا هەن دەتوانین بەبێ دوو دڵی زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەتر لەسەر هەندێک لە جۆرەکانی ڕۆن بڕۆین، بەڵام بەهۆی خراپی سووتەمەنییەوە بوونی ڕەساس لە بەنزیندا دەبێتە هۆی تێکشانی گەردە کیمیاییەکان لە ڕۆندا، ئەمەیش کێشە دروست دەکات و وا پێویست دەکات یان زووتر رۆن بگۆڕین یانیش بەنزینی ئۆکتان بەرزتر بەکاربهێنین، گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە خۆتان بە دوور بگرن لە ڕۆنە یەک ژمارەییەکانی وەک ''50، 60 و 70 و هیتر'' بەتایبەت لە زستاندا هەوڵ بدە ڕۆنەکە دوو ژمارەیی بێت وەک ''0w20 ،5w20 ،5w30 ،10w30''.

هاوشێوەی رۆنی بزوێنەر کەی پێویستە رۆنی گێڕ و هایدرۆلیکیش بگۆڕین؟
ڕۆنی گێڕ بە گشتی لە چاو ڕۆنی بزوێنەروە دەتوانی چەند هێندەی ڕۆنی بزۆێنەر ڕیێ بکەی  لەسەری. بەڵام لە گێڕی ئۆتۆماتیکدا واباشە لە نێوان 50 بۆ 60 هەزار کیلۆمەترێکدا بگۆڕێت. بەڵام وا باشترە تەواوی شۆفێران خۆیان بە دوو بگرن لەو شلانەی بەهۆی نەبوونی چاودێری حکوومەتەوە بەرهەمدەهێنرێت و هیج کات گویێ بە سەروماڵی هاو نیشتمانییەکانیان نادەن.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان