له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت بووه‌ته دیارده و به‌شێوه‌یه‌كی بڵاو چه‌ك به ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه‌یه، به‌هۆی ئه‌و چه‌كانه‌وه كێشه و رووداوه‌كانی ته‌قه‌كردن و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیادیان كردووه و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ئارامی كوردستان كردووه.
به‌پێی رێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه رێپێدراون كه مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كیان به فه‌رمی پێیه و ساڵانه بۆیان نوێ ده‌كرێته‌وه، له به‌رانبه‌ردا بڕه پاره‌یه‌كیان لێ وه‌رده‌گیرێ كه له سه‌روو 100 هه‌زار دیناره‌وه‌یه.
ئێسته به‌پێی فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆن، پێویسته له دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی ئاسایی خۆیان، چه‌كه‌كانیان له جبه‌خانه دابنێن و هه‌ر كارمه‌ندێك پابه‌ند نه‌بێت، به توندی سزا ده‌درێت و لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت به‌رده‌وامی هه‌یه
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت به‌رده‌وامی هه‌یه و رۆژانه مه‌فره‌زه‌كان و بنكه‌كان و له بازگاكانیش ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كانه ده‌گیرێت كه له لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه به‌بێ مۆڵه‌ت هه‌ڵگیراون.
روونیشی كرده‌وه كه دیارده‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت له هه‌موو شوێنێك هه‌یه، به‌ڵام مه‌فره‌زه‌كانی به‌رده‌وام ده‌ستكراوه‌ن و له هه‌ر شوێنێك هاووڵاتیی چه‌كی پێ بێت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێ و رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه. وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه له رابردوودا به سه‌تان چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی نه‌قیب سه‌ركه‌وت، فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان بۆ هاتووه كه ئه‌وانه‌ی له ناو هێزه‌كانی ناوخۆدان، كارمه‌نده‌كان، جگه له ئه‌فسه‌ر و پله‌باڵاكان، ده‌بێت دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی ئاسایی خۆیان چه‌كه‌كه‌یان له جبه‌خانه داده‌نێن تا ئه‌وكاته‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ده‌وام، هه‌ر كارمه‌ندێك له دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی ئاسایی چه‌كی پێ بێت و ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت یان كارێكی پێ بكات له ده‌ره‌وه رووبه‌ڕووی لیپرسینه‌وه‌ی یاسایی توند ده‌بێت.
باسی له‌وه كرد، له رابردوودا مۆڵه‌تی پێدانی چه‌ك تا ئاستێك ئاسایی بوو، هه‌ر كه‌س داوای بكردایه پێی ده‌درا، به‌ڵام ئێسته رێككاره‌كانی زۆر توند كراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مۆڵه‌ت نادرێت به هه‌موو كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی چه‌ك.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی زیادبوونی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، بۆ بوونی بازاڕی ڕه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها كڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به ئاشكرا هه‌یه و ده‌كرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له‌و ناوچانه‌ی كه بازاڕ و دوكانی چه‌كفرۆشانی تێدایه، هه‌ر كه‌س ده‌توانێ به‌بێ مۆڵه‌ت چه‌ك بكڕێت.
له لایه‌كی تره‌وه به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، پۆلیسی هه‌ولێر بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له باره‌ی پرسی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت بكات و رێوشوێنی توند به‌رانبه‌ر به‌و كه‌سانه بگرێته‌به‌ر كه چه‌كی بێ مۆڵه‌تیان پێیه، هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تی فراوان بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌ست پێ ده‌كات.
كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی، له كارنامه‌كه‌یدا به گرنگییه‌وه باسی له ئارامی و لایه‌نی ته‌ناهی هه‌رێمی كوردستان كردووه، بۆیه ته‌واوی رێكاره‌كان له پێناو پاراستن و ئارامی هه‌رێمی كوردستان ده‌گیرێته‌به‌ر تا هاووڵاتییان له ئارامیدا بژین.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی