هەناردەی ئێران بۆ كۆریای باشوور 99.5% دابەزی

:: PM:02:05:16/01/2021 ‌
ئامارەكانی كۆریای باشوور  دەری دەخات قەبارەی هەناردەی بازرگانی ئێران بۆ كۆریای باشوور، لە ساڵی 2020 بەراورد بە ساڵی 2013 بە رێژەی 99.5% دابەزیوە.

بەپێی ئامارەكانی گومرگی كۆریای باشوور، هەناردەی ئێران لە ساڵی 2020 بۆ هەشت ملیۆن و 600 هەز دۆلار دابەزیوە، لە كاتێكدا قەبارەكە لە ساڵی 2013دا دوو ملیار و 130 ملیۆن دۆلار بوو.

پێوەندی بازرگانی نێوان ئێران و كۆریای باشوور بە شێوەیەك دابەزیوە كە لە سێ دەیەی رابردوو بێ وێنە بووە. كەمترین قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ كۆریای باشوور لە ساڵی 1998 بووە كە بریتی بووە لە یەك ملیار دۆلار.

كۆریاش لە ساڵی 2020دا بە بەهای 186 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ ئێران هەبووە كە بەراورد بە ساڵی 2019 نزیكەی 34% دابەزیوە.

هەناردەی ئێران بۆ كۆریای باشوور بەر لە دەستپێكی سزاكانی ئەمەریكا سەرووی حەوت ملیار دۆلار و هاوردەشی چوار ملیار دۆلار بوو.
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، هەناردەی ئێران بۆ كۆریای باشوور لە ساڵی 2017 و بەر لە دەستپێكی سزاكانی ئەمەریكا سەرووی حەوت ملیار دۆلار بوو و قەبارەی هاوردەشی دەگەیشتە چوار ملیار دۆلار.

ئێران دەڵێت بانكەكانی كۆریای باشوور دەستیان بەسەر حەوت ملیار دۆلار لە پارەی ئێراندا گرتووە و ئامادە نین بیگەڕێننەوە، لەمدواییانەش سوپای پاسداران دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری كۆریای باشووردا گرت، بە بیانووی ئەوەی رێساكانی ژینگەی پێشێل كردووە.


وشە - سلێمان تاشان