ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە سەردانیمان بۆ بەغدا لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لە بەغدا گەیشتینە لێكتێگەیشتن، بڕوایەكی هاوبەشی سیاسی لەبارەی كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەمڕۆ شەموو 16ی كانوونی دووەم، جەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، وەك شاندی پارتی، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لە بەغدا گەیشتینە لێكتێگەیشتن و بڕوایەكی هاوبەشی سیاسی لەبارەی كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەكانی چاكسازیی ریشەیی.
لە بەغدا باسمان پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ كرد
ئێمنیكی باسی لەوەش كردووە، لە بەغدا باسمان پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ كرد، كە بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستیی پەلەكردن لە چارەسەركردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پێداویستییەكانی سازان و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی.
ڕوونی كردووەتەوە، هەرێمی كوردستان هیچ رۆژێك درێغی نەكردووە لە جێبەجێكردنی ئەركی سەرشانی بەرانبەر بە حكوومەتی فیدراڵ، بەڵكو رۆڵێكی پێشەنگ و تەواوكەر و میحوەریی بینیوە لە بواری تەناهی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی فیدراڵ، چ لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە قاعیدەوە تا دەگاتە لەناوبردنی داعش، یان داڵدەدان و لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری هەڵاتوو لە دڕندەیی داعش و تیرۆریستان.
ئێمینكی باسی لەوەش كردووە، هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بنیاتنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، كە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق لەناو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها پێویستە لەو قۆناغە هەستیارە دوور بكەوینەوە لە بابەت و پرسە لاوەكییەكان و ورووژاندنی رق و كینەی چینایەتی و لایەنگرایەتی، لەگەڵ وازهێنان لە هەڵمەتەكانی رق لێبوونەوە و شێواندن و ناشیرینكردنی بەرانبەر كە زیان بە هەموو لایەك دەگەیەنێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دروستكردنی یەكڕیزی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنەكان دەكات و ئامانجییەتی كە كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بە هاوپەیمانییەتیەك بەشداری بكات.