سەندیكای كرێكاران داوای یەكسانی ماف و ئەركی كرێكاران دەكات

:: PM:04:10:16/01/2021 ‌
یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، لە بەرنامەیاندایە تاوتوێی ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن كە هەفتەی رابردوو دەریكرد و بە گوێرەی بڕیارەكە، كرێكارانی كەرتی تایبەتیش باجی دەرامەتیان بەسەردا دەسەپێنرێت. بەرپرسێكی سەندیكاكە لە هەولێر بە پێویستی دەزانێت لەگەڵ ئەرك، مافی كرێكارانیش دابین بكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكدا كە بەمەبەستی رێكخستنی باج و رسوومات دەری كردووە، لە بڕیاری دووەمی فەرمانەكەی، لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپاردووە بە مەبەستی ئامادەكردنی هەمواری پێڕەوی لێبڕینی راستەوخۆی باجی دەرامەت لەسەر كارمەندانی كەرتی تایبەت هەنگاوی پێویست بنێت.

لە هەرێمی كوردستانیش چوارچێوەی كار و ئەرك و مافەكانیان بە تەواوی رێك نەخراوە


ژمارەی ئەو كرێكار و كارمەندانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، هێشتا دیار نییە و لە هەرێمی كوردستانیش چوارچێوەی كار و ئەرك و مافەكانیان بە تەواوی رێك نەخراوە، هەرچەندە لە چوارچێوەی یاسادا كۆمەڵێك مافیان بۆ دەستنیشان كراوە و بە هۆكاری جیاواز بەشی زۆری كرێكاران لە مافەكە سوودمەند نین.

عومەر ئیسماعیل سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەوان لەو بڕیارە نیگەرانن كە لەبارەی سەپاندنی باج بەسەر كرێكاران و فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت دەرچووە، پێیان وایە كرێكارانی كوردستان زۆر مافیان لێ پێشێل دەكرێت و شایانی ئەوەن بەشێك لە مافەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە نەك گوشاری زیاتریان بخرێتە سەر.

كرێكار بەردەوام لە لایەن خاوەن كارەوە لە ژێر فشاردا بووە


ئەو روونی كردەوە، كرێكار بەردەوام لە لایەن خاوەن كارەوە لە ژێر فشاردا بووە و ناكرێ فشاری تری بخرێتە سەر، هێشتا حكوومەت نەیتوانیوە وەك پێویست ژیانێكی شایستە بۆ كرێكاران دابین بكات، لە كاتێكدا كرێكاران لە وڵاتانی پێشكەوتوو لەگەڵ ئەو ئەركەی خراوەتە سەرشانیان، مافیشیان هەیە.

عومەر ئیسماعیل ئاماژەی دا، زۆر لە خاوەن كارەكان كرێكارەكانیان زەمان نەكردووە و وێڕای پێدانی مووچەیەكی كەم بە كرێكارەكان، لە هەمان كاتدا سەرووی كاتی یاسایی و ستاندارد كاریان پێ دەكەن و كەسیش نییە لەسەریان بێتە وەڵام.

پێویستە بگوترێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو فەرمانێكی دەركرد كە 13 بڕیار لەخۆ دەگرێت، بەگوێرەی ئەو بڕیارانە، باج بە تەواوی رێك دەخرێت و باج بەسەر كۆمەڵێك بواری جیاوازدا دەسەپێنرێت كە پێشتر بێبەری بوون لە پێدانی باج و بەو هۆیەشەوە داهاتی حكوومەتی پێ بەرز دەكرێتەوە.

ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە ئاماژەی پێ كرا.


ئەو بەرپرسەی سەندیكای كرێكارانی كوردستان دەڵێت، لە لقی هەولێر 18 هەزار ئەندامیان هەیە، بەڵام لە رێكخراوەكەیان ناونووسینی كرێكاران زۆرەملێ نییە، بۆیەش ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە ئاماژەی پێ كرا.

ئەو روونی دەكاتەوە، راستە لە هەرێمی كوردستان یاسای كار هەیە و تەنانەت مافی دابینكردنی كۆمەڵایەتی بۆ دەستنیشان كراوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمی كرێكار لە كوردستان لێی سوودمەندن و لە ساڵانی رابردووشدا سەرەڕای ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی كرێكارە لە كوردستان هەن، كەچی ژمارەیەكی زۆر كەمیان خانەنشین كراون.

بەپێی ئامارێك كە ئەو بەرپرسەی كرێكاران خستیەڕوو، بە گشتی تەنیا 585 هەزار كرێكار خانەنشین كراون، لە كاتێكدا ژمارەی كرێكاران زۆرە و بەشێكیان وەك شوفێر و كرێكاری بیناسازی كە خۆیان خاوەن كاریان نییە، ناتوانن لە یاساكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش سوودمەند بن.

12%ی مووچەكەی لە لایەن خاوەن كار و 5%ی مووچەكەشی لە لایەن خۆی دەڕژێتە سندووقی تایبەت


بەپێی یاسای كاری كوردستان، هەر كرێكارێك لە هەر شوێنێك كار بكات، ئەوا 12%ی مووچەكەی لە لایەن خاوەن كار و 5%ی مووچەكەشی لە لایەن خۆی دەڕژێتە سندووقی تایبەت بە كرێكارانی كەرتی تایبەت، كە بە گشتی دەگاتە 17%  و كرێكار دەتوانێت هەر كاتێك پێی خۆش بێت، لەو پارەیەی سوودمەند بێت یان بۆی كۆ بكرێتەوە و لە داهاتوودا بە هۆیەوە خانەنشین بكرێت.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر كەمی كرێكاران خۆیان زەمان كردووە كە هۆكاری جیاوازی هەیە، هەندێك جار خاوەن كارەكان رازی نین بەوەی كرێكارەكان زەمان بكرێن، تیمەكانی چاودێری حكوومەتیش ئەوەندە زۆر نین بتوانن سەرجەم شوێن و كارگەكان ناچار بكەن كرێكارەكانیان زەمان بكەن، لە هەمووی گرنگتر كرێكارەكان خۆیان هوشیاریی پێویستیان لەبارەی مافەكانیانەوە نییە و پشتگوێی دەخەن.

عومەر ئیسماعیل بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماف بە كرێكارانیش بدات، بە بڕیار و پڕۆژەی جیاواز لە ئیمتیازات سوودمەندیان بكات و لانی كەم ئەگەر كرێكارێك لە كاتی كاركردندا مرد، ئەوا بە بڕێك پارە یارمەتی خێزانەكەی بدات، ئەگەر زەمانیشی بۆ نەبڕابێتەوە. ئەو رەخنەی لە یاسای كاریش هەیە كە زۆر كرێكاری لەو زەمانە بێبەش كردووە، بەتایبەتی ئەو كرێكارانەی بۆ كەرتی گشتی لە چوارچێوەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شار و پێڕاگەیشتن بە پاركەكان كار دەكەن.

بەشی زۆریان كرێچین


ئەو دەڵێ لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستەی تەنفزیزی سەندیكا كرێكارییەكان، كۆبوونەوە رێك دەخەن و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بڕیارەی حكوومەت ئاراستەی حكوومەت دەكەن، لەگەڵ ئەوەدا نین كرێكاران چیتر گوشاریان بخرێتە سەر، چونكە لەلایەك داهاتیان كەمە و لە لایەكی تر بەشی زۆریان كرێچین. جگە لەمە پێشتر زەوی بۆ كرێكاران دابین دەكرا، كەچی ئێستە ئەوەش نەماوە و كرێكاران لە زۆری مافەكانیان بێبەش بوون و سەپاندنی باج لەسەریان ئەگەر بڕەكەشی كەم بێت، ئەوا باری ژیانی كرێكاران قورستر دەكات.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت، ئەگەر وەرگرتنی باج لە كرێكاران بەوە گرێ بدرێت خاوەن كارەكان ناچار بكات زەمانی كار بۆ كرێكارەكان دابین بكەن، لەم رێیەوە بیاندۆزێتەوە، ئەوا راستە ئەركێكی بچووك دەكەوێتە سەرشانی كرێكاران، بەڵام لە بەرانبەردا لە زۆر مافیش سوودمەند دەبن.


وشە - سلێمان تاشان