چیڕۆكی سەرهەڵدانی كۆرۆنا كەی ئاشكرا دەبێت؟

:: PM:06:10:16/01/2021 ‌

تا ئێستەیش چیڕۆكی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ووهانی چینییەوە تەواو نادیارە، ئاخۆ دروستبوونی سروشتییە یان بەمەبەست؟، ئەنجامی تاقیكردنەوەیەكی هەڵە بووە و دزەی كردووەتە دەرەوەی تاقیگە یان چەكێكی بایۆلۆجی بووە و بڵاو كراوەتەوە؟، مەبەستی راستەقینە لە بڵاوكردنەوە یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە چییە؟، ئایا لەژێر كۆنترۆڵدایە و چارەسەری هەیە و لای دروستكەرانیەتی؟، پەتاكە بەمشێوەیە دەمێنێتەوە؟، یان سنوورێك بۆ زیان و لێكەوتەكانی هەن و ئامانجی خۆی پێكاوە؟
ئەمەریكا: چین زانیاری كەمی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئاشكرا كردووە
ئەگەرچی هۆكار و شێوازی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا روون نییە، بەڵام هەموو ئەوەی هەیە پێشبینی و خەمڵاندنی شارەزایانە، كە هەریەكەوە بەپێی بواری شارەزاییەكەی لێكدانەوە بۆ رابردوو و پێشبینی بۆ داهاتوو دەكات، لەو ناوەدا ئاخۆ رۆڵی چین نییە؟، ئەو چەند مانگێكە چوونی زانایانی نێودەوڵەتی بۆ ووهان دوا دەخات و دەیەوێ بەڵگەی وا دروست بكات كە ڤایرۆسەكە پێش و هاوكات لەگەڵ چین لە شوێنیتری دنیایش هەبووە.

پێنجشەمی رابردوو تیمێك لە زانایانی نێودەوڵەتی گەیشتنە ووهانی چین، كە یەكەم حاڵەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لەوێ بوو، ئەوان دەستیان بە لێكۆڵینەوەیەكی هەستیار لە رووی سیاسییەوە كرد، تیمەكە زانایانی بواری ڤایرۆسەكان لە ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەڵمانیا و ژاپۆن و بەریتانیا و رووسیا و هۆڵەندا لەخۆ دەگرێت، گوتەبێژی حكوومەتی چینی رای گەیاند كە ئەو تیمە لەگەڵ زانایانی چینی ئالوگۆڕی بۆچوونەكان دەكەن، بەڵام ئاشكرای نەكرد كە رێگەیان بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكان پێ دەدرێت یان نا.

دوای چەند مانگێك لە بینە و بەردەی دیپلۆماسی، چین رێگەی بە تیمێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دا بۆ سەردانیكردنی ووهان، پێشتر چین لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە رەت كردەوە، كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چینی بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تۆمەتبار كرد، كە ئابووری جیهانی خستە خراپترین دۆخییەوە لەوەتەی سییەكانی سەتەی رابردووەوە، زانایان پێیان وایە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە شەمشەمە كوێرە یان ئاژەڵی ترە لە باشووری رۆژئاوای چین، وەك ئاماژەیەك بۆ شاری ووهان كە ژمارەی دانیشتوانی 12 ملیۆن كەسە.

تیمەكە لە 15 زانا پێكهاتووە و ئەوان دەیانەوێ ئەو مەتەڵە هەڵبێن و نهێنییە گەورەكە ئاشكرا بكەن، زیاتر لەو ڤایرۆسە تێبگەن و رێگری لە دروستبوونی ڤایرۆسێكی هاوشێوە بكەن، بەڵام كەسانێك وای لێك دەدەنەوە چین بەهەر شێوازێك بێت هەوڵی بەریەستكردنی كارەكانیان دەدات بۆ رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بیخاتە هەڵوێستێكی نەخوازراوی دیپلۆماسییەوە، حزبی شیوعی چین دەڵێت، ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی چین هاتووە، بەڵام زانایان ئەو بیرۆكە رەت دەكەنەوە، پەكین پێشتر هەوڵی داوە بە شتی تری ببەستێتەوە، وەك سوپای ئەمەریكا و لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی رەت كردەوە، بۆیە ئەو هەڵوێستەی لەلایەن رۆژئاوا و ناوەندەكانی توێژینەوە وا لێكدرایەوە بەوەی چین لە ترسی دابڕانی نێودەوڵەتی شتێك لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە دەشارێتەوە. 

حزبی شیوعی چین دەستی بەسەر زانیارییەكاندا گرتووە و لەوەیش دەترسێت ئاشكرا ببێت، كە دەیخاتە ژێر رەخنەگرتنێكی نێودەوڵەتی و داوای قەرەبووكردنەوەیەكی دارایی گەورەوە، بۆیە چین توێژینەوە سەربەخۆكانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە شاردەوە و تەنیا زانیارییەكی كەمی لەوبارەوە بڵاو كردەوە، لە لێكۆڵینەوەیەكی ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"، دەركەوت حكوومەتی چین دەستی بەسەر هەموو زانیارییەكانی پێوەست بەو پەتایەدا گرتووە و رێگریش لە توێژەران دەكات هیچ زانیارییەك بە میدیاكان بگەیەنن، هاوكات میدیاكانی چینی ئەو بڵاو دەكەنەوە كە ئەگەری هەیە ڤایرۆسەكە لە ناوچەیەكی تر سەری هەڵدابێت و لێكۆڵینەوەكانیش چەند ناوچەیەكی تری دنیا دەگرێتەوە.

هاوكات لەگەڵ سەردانی تیمی زانایان بۆ چین، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لێكۆڵینەوەیەكی دیودەرانە كە ساڵێكە چین رێگری لێ دەكات، گرنگە بۆ زانینی ریشەی سەرهەڵدانی پەتاكە و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی، ئێمە نازانین كەی و چۆن و لە كوێ ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە، سەرچاوەكەی ئاژەڵە یان رووداوێك لە تاقیگەی ووهان، حكوومەتی ئەمەریكا هۆكاری هەیە بۆ گومانكردن بەوەی ژمارەیەك توێژەری چینی لە پایزی 2019 تووشی نیشانەی هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، بۆیە هەر لێكۆڵینەوەیەك دەبێت ئەو توێژەرانەی چینی بگرێتەوە، كە چین لە قسەكردن بۆ میدیاكان رێگریان لێ دەكات.

بەپێی وەزارەتەكە ساڵانێكە ئەمەریكا مەترسی خۆی لەبارەی چالاكییە نهێنییەكانی چین لە بواری چەكی بایۆلۆجییەوە پێشان داوە، ئەگەرچی پەیمانگەی ووهان خۆی وەك دامەزراوەیەكی مەدەنی دەناسێنێت، بەڵام بەپێی بەیاننامەكە ئەو پەیمانگە هاوكاری سوپای چینی كردووە لە تاقیكردنەوەكانی لەسەر ئاژەڵ و توێژینەوەی تری نهێنی، بۆیە پێویستە ئەوە یەكلا بكرێتەوە كە ئاخۆ چالاكییەكانی ئەو پەیمانگەیە كراوەتە پڕۆژەی سەربازی نهێنی یان نا؟، چونكە ئەوەی تا ئێستە چین لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئاشكرای كردووە تەنیا بەشێكی كەمی راستییەكانە و زۆریشی تا ئێستە نادیارە.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل